ئەو گەنجانەی هێرشیان کردە سەر پاسەکەی کەلار دەستگیر کراون
ئەو کۆمەڵە گەنجەی لە کەلار ڕێگرییان لە پاسێکی گەشتیاری عەرەب کرد و "بە چەقۆ" هەڕەشەیان لێکردن، دەستگیر کران.
لە کەلار چەند گەنجێک هێرشیان کردووەتە سەر پاسکێکی گەشتیاری عەرەب و بەپێی ڕاگەیاندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم بێت، ئەو گەنجانە دەستگیرکراون و پایتەخت میدیاش هۆکاری کێشەکە ئاشکرا دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، ئەو گەنجانەی کەلار دوای ئەوەی بینیویانە گەشتیارە عەرەبەکان لە جامی پاسەکەوە زبڵ و خاشاکیان فڕێداوتە سەر شەقام، پێشیان با پاسەکە گرتووە و هێڕشیان کردوونەتە سەر.
بەیانی ئەمڕۆ و دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، پۆلیسی کەلار بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و دواتر هۆکارەکەی ئاشکرا دەکەین.
کەمێک پێش ئێستا، دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کۆمەڵێک تۆمەتبار بە ماتۆڕسکیلەوە بێرێزیان بە پاسێکی گەشتیاری کردووە، ئەوان دەستگیرکراون و رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوو، هۆکاری روودانی ڕووداوەکە بە تەواوی ئاشکرا ببێت.