مەرجە قورسەکەی ئاکپارتی بۆ ئۆجەلان ئاشکرا بوو
کلیلی دەرگای ئیمڕاڵی لای کێیە؟ ئۆجهلان لهنێوان یاسای لێبوردن و پێدانی ڕۆڵی یاسایی
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا چووەتە قۆناغێکی نوێوە و پرسی پێگەی یاسایی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بووەتە چەقی مشتومڕی نێوان هاوپەیمانی دەسەڵات.
ئاژانسی ههواڵی ئانکا له زاری سەرچاوەیەک لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بڵاویكردهوه، بەبێ دەرکردنی 'بڕیاری لێبووردن'، حکومەت ناتوانێت هیچ پێگەیەکی یاسایی بۆ ئۆجەلان دیاری بکات تاوەکو ڕاستەوخۆ دانوستانی لەگەڵدا بکرێت.
پێشتر دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، بۆ دووەمجار داوای کردبوو پێگەیەکی یاسایی بە ئۆجەلان بدرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی سەرکەوتوو بێت.
ئاکپارتی جەخت دەکاتەوە کە لە ئێستادا ئۆجەلان تەنها وەک 'زیندانییەک' دەبینرێت کە سزاکەی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت و بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە، پێویستییان بە دەقێکی یاسایی لێبووردن هەیە.
بۆ کردنەوەی دەرگای ئیمڕاڵی ئاکپارتی مەرجی لێبووردنی داناوە، بەڵام دەرگایەکی دیکەی بۆ 'نێوەندگیری' کردووەتەوە. بهپێی سەرچاوەکەی ئاژانسی ئێرنا، دهكرێت وەزارەتی داد ڕێگە بدات هاوشێوەی شاندەکانی پێشووی ئیمڕاڵی، ڕۆژنامەنووسان، ئەکادیمییەکان و کەسایەتییە دیارەکان سەردانی ئۆجەلان بکەن. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ ئەوەی ئۆجەلان ڕۆڵێکی چالاکتر بگێڕێت بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ پێگەی یاسایی فەرمی وەربگرێت.
ئاکپارتی گومانی لە نییەتی پەکەکە هەیە بۆ دانانی چەک و دهڵێت: هێشتا بڕیاری دانانی چەک لە ئاستی پێویستدا نییه، كهچی دەم پارتی و لایەنگرانی ئۆجەلان پێیان وایە بەبێ داننان بە پێگەی یاسایی ئۆجەلان، پرۆسەکە مەترسیی شکستهێنانی لەسەرە و ناکرێت هەنگاوی جدی بنرێت.