زیاتر لە 2 ملیۆن کەس لە ئێران بەهۆی جەنگەوە بێ کار بوون
خەڵکی ئێران بەدەست نەبوونی کار دەناڵێنن و زیاتر لە نیوەی کارەکانی وڵاتەکە لەناوچوون.
بەهۆی جەنگی 6 هەفتەی نێوان ئێران و ئیسرائیل/ئەمریکا، قەیرانی هەلی کار لە وڵاتەکە دروستبووە.
هادی کەهالزادە، ئابووریناسی پێشوو لە رێکخراوی ئاسایشی نیشتیمانی ئێران پێشبینی دەکات کە بەهۆی جەنگەوە 10 بۆ 20 ملیۆن کار لەژێر مەترسی لەناوچووندان، ئەم ڕێژەیە 50%ـی کەرتی کار لە ئێران پێکدەهێنێت.
لە وەڵامی دروستبوونی قەیرانی کار، سەرەتای ئەم هەفتەیە، غولامحوسێن محەممەدی، جێگری وەزیری کار و بەرێوەبەری رێکخراوی تەکنیکی، پیشەیی و پەروەردەیی ئێران ڕایگەیاند، هەبوونی سزای پێشوەختەی ئابووری لەسەر وڵاتەکە، نەمانی ئینتەرنێت و جەنگیش زیانێکی گەورەیان بە ئابووری وڵات گەیاندووە. خەملاندنە سەرەتاییەکان دەری دەخەن کە جەنگەکە بووەتە هۆی لەناوچوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کار و زیاتر لە دوو ملیۆن کەسیش کارەکانیان لەدەستداوە.
جێگری وەزیری کاری ئێران باسی لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ بنیاتنانەوەی کەرتی کار کرد و ڕایگەیاند، حکومەت دەستی بە مەشقپێکردن و دامەزراندنی خەڵک بۆ بنیاتنانەی خانوو و کەرتی پیشەسازی کردووە، جەختیشی کردەوە، "ئێمە ئەمساڵ سەرنجمان لە چەندێتییەوە بۆ کوالێتی گۆڕیوە، زیاتر سەرنجمان لەسەر ئەو مەشقانە دەبێت کە بۆ بنیاتنانەوە و نوێکردنەوەی وزە و ئابووری دیجیتاڵی هەیە."