40 ڕۆژ به‌سه‌ر كووژانه‌وه‌ی پڕشنگدارترین ئه‌ستێره‌ی ئاسمانی هونه‌ری كوردی تێده‌په‌ڕێت
40 ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ئێوارەیەکی ساردی زستاندا، هونه‌رمه‌ندی دیاریی كوردستان زاهیر عه‌بدوڵڵا، به‌هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌وه دڵی له‌لێدان كه‌وت و چاوه‌كانی بۆ هه‌میشه لێكنا.
زاهیر عەبدوڵڵای هونه‌رمه‌ند و ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ر ئەوەندە کەسێکی سادە و خوۆشەویست بوو لە نێو خەڵکی، کە هەر لە دوای ماڵئاواییکردنی لە ژیاندا، لە چەند خولەکێکدا هەواڵەکە گەیشتە هەموو کوچەو کۆڵانەکانی هەولێر و کوردستان. ماتەمی هونه‌رمه‌ندان و هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان بۆ کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە دەستیپێکرد، سەتان کەس بەشداری نوێژی مردوو و کاتی ناشتنیان کرد.
زاهیر عەبدوڵڵا ئەوەندە تەیراوە و هەولێری خۆش دەویست، کە وەسیەتی کردبوو دوای کۆچی دوایی بە کۆڵانەکانی تەیراوەدا بیگەڕێنن، دواجار وەسیەتەکەی جێبەجێکرا، دواین گەڕانی بە تەیراوە و شەقامەکانی هەولێر کرد و به‌ره‌و گۆڕستانی كه‌سنه‌زان به‌ڕێكرا.
ئیبراهیم حه‌كیم، هونه‌رمه‌ند و هاوڕێی تەمەنی زاهیر عه‌بدوڵڵا، له‌سه‌ر ته‌رمه‌كه‌ی دانیشت و بە گریانه‌وه دەیگوت: "هێشتا زوو بوو كاكه، ئەم کۆچەی تۆ زوو بوو".
ئه‌یام ئه‌كره‌م، ئه‌كته‌ر و هونه‌رمه‌ندی ناسراوی شاری هه‌ولێر، ئه‌وكات بۆ پایته‌خت میدیا قسه‌ی كرد و گووتی: " زاهیر عه‌بدوڵڵا، له‌دوای ساڵانی 1980ه‌وه، ده‌ستی ده‌یان و سه‌دان گه‌نجی وه‌ك ئێمه‌ی گرت و هێنایه نێو كایه‌ی هونه‌ری كوردی، ئەو وەکو مامۆستا و برا، وانه‌ی هونه‌ری بە ئێمە گووت."
زاهیر عه‌بدوڵڵا، له ساڵی 1958، له گه‌ڕه‌كی ته‌یراوه‌ی سنووری پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی و په‌یمانگاشی هه‌ر له هه‌ولێر ته‌واو كردووه، لە ساڵی 1972 بۆ یەکەمجار بەشداریی شانۆگەرییەکی ده‌كات، بەناوی "ئەنجامی پووڵپەرستی". دواتر به‌ته‌واوی دێته نێو بواری شانۆ و دواتر وه‌ك ده‌رهێنه‌ر و درامانووس و ئه‌كته‌ر و هونه‌رمه‌ند له ئاسمانی هونه‌ری كوردی ده‌دره‌وشێته‌وه.
هونه‌رمه‌ند زاهیر عه‌بدوڵڵا، له ساڵی (1990) كۆمه‌ڵه چیرۆكێك به‌ناوی "خه‌ره‌ند" ده‌نووسێت و بڵاوی ده‌كاته‌وه، هاوكات له دوا ساڵه‌كانی ته‌مه‌نیشیدا، كتێبی ته‌یراوه هه‌ر به پیاسه ده‌نووسێت، کە بیره‌وه‌ری و به‌سه‌رهاته‌كانی ژیانی خۆی له دووتوێی ئه‌م كتێبه‌دا نووسی و بڵاوی کردەوە.