پایتەخت

حەجی ئەمساڵ دەکرێت؟

حەجی ئەمساڵ دەکرێت؟
کورتە

پێشبینی دەکرێت بەهۆی جەنگەوە حەجی ئەمساڵ ئەنجام نەدرێت.

جەنگی ئەمریکا و ئیسڕائیل دژ بە ئێران سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەستاندووە، پێشبینی دەکرێت بەهۆی جەنگەوە حەجی ئەمساڵ ئەنجام نەدرێت.

 

کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ حەجی ئەمساڵ تەواو بووە، هەموو ڤیزای حاجییان گەڕاوەتەوە بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێک ڕوون نییە.

 

بڕیارە 7ـی 5ـی 2026، یەکەم کاروانی حاجییان بۆ سعودییە بەڕێ بکەون.

 

کاروان ستوونی، ئەگەر بارودۆخی ناوچەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار لە گەشتی حاجییان دەدات.

 

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەو کەسانەی ناویان هاتووەتەوە بۆ حەج ڤیزای گەشتی ئاسمانییان وەرگرتووە، ئەگەر گەشتە ئاسمانییەکان ئاسایی نەبنەوە ئەوا ئەگەر هەیە ڕێگەی وشکانی بەکاربهێندرێت بەڵام بەهۆی هێرشەکان لە عێراق ئەمەشیان ئەستەمە.

 

5 هەزار و 120 کەس لە ڕێگەی سیستیمی ئه‌لیكترۆنی ده‌روازه‌ی حه‌ج ناویان بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ گەڕاوەتەوە.

 

کاروان ستوونی جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر ڕێگەی ئاسمانی و وشکانی نەتواندرێت بەکاربهێندرێت ئەوا حەجی ئەمساڵ لەوانەیە ئەنجام نەدرێت.

 

ماوەی مانگێکە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشەکانی (ئەمریکا، ئیسڕائیل و ئێران) ڕاگیراون.

 

لەمبارەیەوە نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە پایتەخت میدیای راگەیاند، ئەنجام نەدانی حەجی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری وڵاتی سعودییە، هەر بڕیارێکیش هەرێمی کوردستان پێوەی پابەند دەبێت. 

 

لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 460 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەری، لە ئەنجامدا 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 85 کەسیش بریندار بوون.

30 ئازار 2026 23:15
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026