داشکاندن لە کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان دەکرێت؟
قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان داوای داشکاندن لە کرێی خوێندن دەکەن
قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان هاوشێوەی قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان داوای داشکاندن لە کرێی خوێندن دەکەن و پایتەخت میدیا دەنگیان دەگەیەنێت.
دوێنێ هەینی د.ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی خانەوادەی قوتابییان بڕیاریدا، داشکاندنی کرێی خوێندن بە ڕێژەی %20 بۆ قوتابییانی زانکۆ حکومییەکانی سەرجەم ئاستەکانی خوێندنی بەرایی (بەیانییان و ئێواران) و (دیبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) بکرێت.
قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان لە ڕێگەی پایتەخت میدیاوە داوا دەکەن داشکاندن بۆ ئەوانیش لە کرێی خوێندن بکرێت.
لەمبارەیەوە عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمى کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، تا ئێستا هیچ پلانێک بۆ زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان نییە بەڵام داواکاری قوتابییان بە وەزیری خوێندنی باڵا دەگەیەنێت.
لە دەستپێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسڕائیل دژی ئێران و هێرشی گروپە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان ماوەی مانگێکە خوێندن ڕاگیراوە.
بەپێی راگەیەندراوی هاوبەشی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، سبەی یەکشەممە خوێندن لەسەرجەم ناوەندەکان (حکومی ناحکومی) دەست پێدەکاتەوە.