حووسییەکانی یەمەن: هاتینە نێو جەنگەکە
جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل/ئەمریکا فراوانتر دەبێت و حووسییەکانی یەمەن بەشداریکردنیان ڕاگەیاند.
بۆیەکەمجار دوای یەک مانگ لە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل/ئەمریکا، حووسییەکانی یەکەم هێرشییان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد.
ئەمڕۆ شەممە 28-3-2026، گوتەبێژی چەکدارانی حووسییەکانی یەمەن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەفەرمی چوونە نێو جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل/ئەمریکای ڕاگەیاند و گووتی: "بە کۆمەڵێک مووشەکی بالیستی دەستمان بە بۆردوومانکردنی ناوچە سەربازییە هەستیارەکانی ئیسرائیل لە باشووری فەلەستینی داگیرکراو کرد."
لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا، ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوای بینینی هەڵدانی مووشەک لە یەمەنەوە بەرەو ڕووی وڵاتەکە، سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانیان چالاک کردبوو و توانیان ئەم کۆمەڵە مووشەکەی حووسییەکان بەرپەرچ بدەنەوە.
بەشداریکردنی حوسییەکان لەم جەنگە لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن هۆشدارییان دا، کە ئەوەی لە ناوچەکە روودەدات "پلانێکی زایۆنییە" بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ گۆڕینی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دروستکردنی ئەوەی ناویان ناوە "ئیسرائیلی گەورە." بۆیە لە ئەگەری بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر ئێران و وڵاتانی "بەرەی مقاوەمە"، ئامادەن دەستوەردانی سەربازیی راستەوخۆ لە جەنگەکە بکەن.
ئەمڕۆ 30 ڕۆژ بەسەر جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل/ئەمریکا دا تێدەپەڕێت و دوێنێ هەینی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بە وادەی کۆتایی هاتنی جەنگەکە کرد و گووتی: "ئێمە پێشبینی دەکەین ئۆپەراسیۆنەکانمان لە کاتێکی گونجاودا کۆتایی پێبێت، لێرەدا باس لە چەند هەفتەیەک دەکەین نەک چەند مانگێک." هاوکات جەختی کردەوە کە سوپای ئەمریکا دەتوانێت هەموو ئامانجە ستراتیژییەکانی بپێکێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە ناردنی هێزی زەمینی بێت بۆ ناو خاکی ئێران.