هێرش کرایە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری تورکیا
میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە دەریای رەش بیستراوە و دەرکەوتووە کەشتییەکی نەوتهەڵگر بەئامانج گیراوە.
کەشتییەکی نەوتهەڵگری تورکیا بە زیاتر لە 100 هەزار تۆن نەوتەوە هێرشێکی درۆنی کرایە سەر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەلەڤیزیۆنی ئێن تی ڤی (NTV)ـی تورکیا ڕایگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگری تورکیا بەناوی ئاڵتورا (M/T Altura)، لە دووری 15 میل لە گەرووی بۆسفۆر لە دەریای ڕەش لە نزیک شاری ئیستەنبووڵ لەلایەن درۆنێکەوە هێرشی کرایە سەر، لە ئەنجامدا ژووری بزوێنەر و بەشی پشتەوەی کەشتییەکە زیانیان بەرکەوت و ئاو چووەتە ژوورەوە.
کەشتییەکە 140 هەزار تۆن نەوتی هەڵگرتبوو لە ڕووسیاوە بەرەو تورکیا بەڕێکەوتبوو، دوای گەیشتنی پۆلیس و پاسەوانی کەناری دەریا بۆ شوێنی ڕووداوەکە، دەرکەوت هیچ کەسێک لە کارمەندانی کەشتییەکە، کە ژمارەیان 27 کەسە، بریندار نەبوون و سەلامەتن.
تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن بەرپرسانی تورکیا لەسەر ئەم ڕووداوە نەدراوە.