ئەکسیۆس: رێککەوتن نەکرێت ئەمریکا هێزی زەمینی رەوانەی ئێران دەکات
دوو بەپرسی ئەمریکا ژمارەیەک سیناریۆی جیاوازییان بۆ دوایین هێرش بۆ سەر ئێران بە ئاژانسی ئەکسیۆسی ئەمریکی ڕاگەیاند.
ئەمریکا نزیکە لە کۆتاییهێنان بە جەنگ و بەرپرسانی وڵاتەکە سیناریۆی دوایین هێرش بۆ سەر ئێران ئاشکرا دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکی ڕایگەیاند، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا خۆی بۆ دوایین "لێدان" لە ئێران ئامادە کردووە؛ هێرشەکان ناردنی هێزی زەمینی و بۆردوومان و داگیرکردنی دوورگە نەوتییەکانی وڵاتەکە دەگرێتەوە.
بەگوێرەی ئەم سەرچاوەیە، ئەمریکا خۆی بۆ ئەم جۆرە هێرشانە ئامادە کردووە:
- داگیرکردن یان ڕێگریکردن لە هاتووچۆی بازرگانی لە دوورگەی خارگ، کە بە گەورەترین ناوەندی هەناردەکردنی نەوتی ئێران دادەنرێت و نزیکەی لەسەدا 90ـی نەوتی ئەو وڵاتە لەم دوورگەیەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.
- داگیرکردنی دوورگە ستراتیژییەکەی "ئەبو موسا" و دوو دوورگەی دیکەی بچووک، کە دەکەونە نزیک دەرچەی گەرووی هوورمز بەرەو ڕووی وڵاتانی ڕۆژئاوا. سەرەڕای ئەوەی دوورگەکە لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام ئیماڕاتیش خۆی بە خاوەنی دەزانێت.
- ڕێگریکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە ئێرانییانەی لە ڕێگەی ڕۆژهەڵاتی گەرووی هورمزەوە نەوتی ئێران هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکەن.
جگە لەم هێرشانە، بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی ئەو یۆرانیۆمەی ئێران پیتاندوویەتی، ئەمریکا خۆی بۆ ناردنی هێزی زەمینی بۆ بنکەکانی ئەتۆمی ئێران ئامادە کردووە.
ئەم دوو بەرپرسەی ئەمریکا ئەم هەڵبژاردانەیان بە "مەترسیدار" و "ئاڵۆز" وەسف کرد و ئاماژەیان بە هەڵبژاردەیەکی دیکە داوە، ئەویش بریتییە لە بۆردوومانێکی فراوان و بەردەوامی سەر بنکە ئەتۆمییەکان و سەربازییەکانی ئێران، تا هەرگیز نەهێڵنن وڵاتەکە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
لەم نێوەندەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی لەسەر ئەم سیناریۆیانە نەداوە، بەڵام دوو بەرپرسەکەی ئەمریکا پێشبینی دەکەن ئەگەر بێت و ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران شکست بهێنێت، ترەمپ ئامادەیە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات و بە ئەگەری زۆرەوە هێرشەکان لە بۆردوومانکردنی سەر وێستگەکانی کارەبا و وزە دەست پێدەکەن.
دوێنێ چوارشەممە، کارۆلین لیڤیێت، گوتەبێژی کۆشكی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هۆشداری بە ئێران دا، ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، ترەمپ ئامادەیە "گورزێکی هێندە بەهێز لە ئێران بدات، کە تا ئێستا گورزی لەم شێوەیەیان پێ نەکەوتبێت."؛ "سەرۆک (ترەمپ) گاڵتە ناکات و ئامادەیە دۆزەخ بەرپا بکات!"