بەرگری شارستانی هەولێر: لەکاتی لافاو کارەبای ماڵەکەت بکوژێنەوە
بەرگری شارستانی هەولێر ڕێنمایی خۆ پاراستنی بۆ هاووڵاتییان بڵاوکردەوە
ئەگەری مەترسی دروستبوونی لافاو لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و بەرگری شارستانی هەولێر ڕێنمایی خۆ پاراستنی بۆ هاووڵاتییان بڵاوکردەوە.
ڕێنماییەکانی بەرگری شارستانی هەولێر لە کاتی لافاو بەم شێوەیەی خوارەوە:
- پلانی فریاکەوتن بۆ خێزانەکەت دانێ، لە کاتی ڕوودانی لافاو ئەگەر لێک دابڕان لە جێگایەک کۆ ببنەوە.
- کەرەستەی پێویست (ئاوی خواردن، خواردن، ڕوناکی، باتری) ئامادە بکە.
- دەروازە و شوێنە نزمەکان بە کیسی خاک بپارێزە لە کاتی لافاو.
- لە شوێنی بەرز بمێنەوە و دوور بکەوە لە ناوچە نزمەکان و ئەو ناوچانەی ئاوی تێدا کۆدەبێتەوە.
- هەرگیز مەچۆ ناو ئاوی لافاو (بە پێ یان ئۆتۆمبێل) چونکە مەترسی بۆ سەر ژیانت دروست دەکات.
- کارەبای ماڵەکەت یان شوێنی کارەکەت بکوژێنەوە، چونکە مەترسی لەسەر ژیانت دروست دەکات ئەگەر مەترسی هەیە.
- لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندن یاخود بڵاو کراوە گوێ لە ڕێنماییەکانی هێزە فریاکەوتنەکان بگرە.
- ئەگەر فەرمانی بەجێهێشتن درا، زوو جێبەجێی بکە و ئەو ناوچەیە چۆڵ بکە کە مەترسی لافاوی لەسەرە.
- تەلەفۆنەکەت بارگاوی بکە و هەوڵ بدە پاوەربانکی زیادە بارگاویت هەبێ.
- دوور بکەوە لە چەم و ڕێگاکانی تێکچوەکان و ئەو کەناڵ و ڕێڕەوانەی پێشتر ئاویان پێدا ڕۆشتووە.
- بۆ گەشت و سەیران ڕێگاکانی دەرەوەی شار یاخود ناوچە شاخاویەکان بەکار مەهێنە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە ڕاپۆرتە کەشناسیەکان هۆشداری لە هاتنی لافاو دەدەن و بارانێکی بەخوڕ سەرجەم ناوچەکانی گرتووەتەوە، تەنانەت لە بەشێک لە ناوچەکان ئاو کۆبووەتەوە.
بەرگری شارستانی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، لە حاڵەتی دروست بوونی لافاو پەیوەندی بە ژمارەکانی بەرگری شارستانی 115 – 125 بکە.