مەسرور بارزانی: ڕێگر نین لە هەناردەی نەوتی کەرکووک بە بۆڕی کوردستان
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دۆخی ئێستای کوردستان لە چوارچێوەی جەنگ، هەناردەکردنەوەی نەوت و مووچەی ورووژاند.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگری ناکات لە هەناردەی نەوتی کەرکووک بە بۆڕی کوردستان، بەڵکو سەرۆکوەزیران جەخت لە دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە دەکاتەوە.
کەمێک لەمەوبەر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا ڕایگەیاند: "ئێمە بەشێک نەبووین لەم شەڕە، هەموو هەوڵێک دەدەین خەڵک و کوردستانمان پارێزراو بێت، بەڵام بەداخەوە بەدرۆن و مووشەک پەلاماری کوردستان دەدرێت، کە ئەم کارە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت چونکە هەرێمی کوردستان مەترسی بۆ سەر هیچ لایەنێک نییە.
مەسرور بارزانی داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حکومەتی فیدراڵی دەکات، ڕێگری لەو کەسانە بکەن کە پەلاماری کوردستان دەدەن، بەتایبەتی گروپە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق، حکومەتی فیدراڵ بەرپرسە و بە ڕاگرتنی ئەم گروپانە چونکە بەشێک لەمانە مووچەخۆری حکومەتی فیدراڵن و لەلایەن ئەوانەوە پڕچەک و پارەدارکراون.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە: "سوپاسی هاوپەیمانان بۆ خستنەخوارەوەی درۆنەکان لە شاری هەولێر دەکەین، هەروەها سوپاسی ئارامگرتنی خەڵكی کوردستان دەکەم، کە زۆر جار پارچەی مووشەکی و درۆنی بەر ماڵان کەوتووە".
مەسرور بارزانی سەبارەت بە هەناردەی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆری کوردستان گووتی: "زیاتر پەرۆشی بارودۆخی ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستانیان، پەرۆشی دابین کردنی پژیوی ژیانی خەڵکین، هەرێمی کوردستان ڕێگر نییە عێراق نەوتی کەرکووک بە بۆڕی کوردستان هەناردە بکات، تەنیا داوای ئەوە کراوە مسۆگەری هەبێت کە ئێمە بتوانین لە کێڵگەکانی خۆشمان نەوت بەرهەم بهێنین".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕوونیکردەوە: "بەهۆی هێرش بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەم هێنان وەستاوە، داوامان لە حکومەتی فیدراڵ کردووە هێرشەکان بوەستێنێت، بۆ ئەوەی نەک تەنیا نەوتی کەرکووک بەڵکو نەوتی کێڵگەکانی کوردستانیش هەناردە بکرێتەوە".
لە کۆتایی قسەکانی دا مەسرور بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە: "ئێمە ڕەزامەندین لە چەسپاندنی سیستەمی ئەسیکۆدا، بەڵام داوای کاتمان لە عێراق کردووە تا سیستەمەکە جێگیر بکەین، بۆیە بەغدا نابێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم تەرخانکردنی دۆلار بۆ بازرگانەکان تا خۆراک و کەلوپەل داخلی هەرێمی کوردستان ببێت".