پایتەخت

ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی: چوار کەس بەهۆی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کوژراون

ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی: چوار کەس بەهۆی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کوژراون
کورتە

ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران و گروپە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە

لە ئەنجامی هێرشی درۆنی و مووشەکی لەلایەن ئێران و گروپە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان تا ئێستا چوار کەس شەهید بوون.

 

ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران و گروپە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، تا ئێستا 196 هێرش و بۆردوومان بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و بەهۆیەوە چوار کەس کوژراون و 19 کەسی دیکەش برینداربوون.

 

لە ڕۆژی 28ـی 2ـی 2026، ئەمریکا و ئیسڕائیل هێرشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و سەرەتاش عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران بەئامانج گیرا.

 

ڕێکخراوی سی پی تی ئاشکرای دەکات، کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، کامپی پەنابەرانی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵات، فڕۆکەخانەی هەولێر، کێڵگەی نەوتی، هۆتێل، ناوچەی نیشتەجێبوون، بارەگای پێشووی یوئێن، بورجی کۆمپانیای پەیوەندیکردن و بارەگای فەرماندەیی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان کراونەتە ئامانج.

 

لە ساتەوەختی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان هاووڵاتییان نیگەرانن لەم هێرشە ناڕەوانە و داوای ڕاگرتنی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان دەکەن.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی سی پی تی، 162 هێرش بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر، 26 هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی، پێنج هێرش بۆ سەر سنووری پارێزگای دهۆک و سێ هێرشیش بۆ سەر سنووری پارێزگای هەڵەبجە ئەنجام دراون.

 

شەوی ڕابردوو بەهۆی هێرشی درۆنی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانە بەناوی 'وڵات تاهیر' شەهید بوو، لەهەمان کاتدا بەهۆی هێرش بۆسەر بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان لە زڕگوێزەڵەی سنووری سلێمانی پێشمەرگەیەک بەناوی ' ئاکۆ ڕەحیمی' شەهید بوو.

 

تیمی ڕێکخراوی سی پی تی  نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر بە هێرشەکانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان و بە ئامانجگرتنی شوێنی مەدەنی، ناوچە ئاوەدانەکان و دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم دەردەبڕێت.

 

سەرۆک بارزانی لە پرسەی 'وڵات تاهیر' دڵنیایی بە گەلی کوردستان دا، کە خوێنی شەهیدی وڵات و شەهیدانی دیکە بەفیڕۆ ناچێت و دانبەخۆداگرتن سنووری هەیە.

08 ئازار 2026 21:37
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026