پایتەخت

سوودانی: ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ڕاپێچی دادگەیان دەکەین

سوودانی: ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ڕاپێچی دادگەیان دەکەین
کورتە

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێت هێرشبەران ڕاپێچی دادگە بکات

دوای ئەوەی ئەمشەو هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێت هێرشبەران ڕاپێچی دادگە بکات و دەڵێت: "بەئامانجگرتنی باڵیۆزخانەکانی کارێکە بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت".

 

نزیکەی کاتژمێرێک لەمەوبەر، هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و بەم هۆیەوە سیستەمی بەرگری هاوپەیمانان بەرپەچی هێرشەکانی دایەوە و هیچ زانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتەوە.

 

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی فەرمانی بە سەرجەم سەرکردایەتی سەربازی و ئەمنی لە ناوچەکانی بەرپرسیارێتی دەرکرد، کە بەدواداچوونی ئەو کەسانە بکەن کە بەرپرسیارن لە کردەوەی تیرۆریستی هاویشتنی مووشەک بەرەو نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و ڕاپێچیان بکەن بۆ دادگە. 

 

محەمەد شیاع سوودانی ڕوونیکردەوە، بەئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەکان و باڵیۆزخانەکانی لە عێراق کارێکی بەهیچ شێوەیەک پاساو نادرێت و قبووڵ ناکرێت و لە ڕیزی ئەو کارانە دایە کە هەڕەشە لەئاسایشی نەتەوەیی و سەقامگیریی سەرتاسەری وڵات دەکات.

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانە پێشێلکاری دژ بە عێراق و سەروەری و ئاسایشی عێراق دەکەن، ئەو گروپە سەرپێچیکارانەی کە پابەند نین بە یاساوە بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی خواستی گەلی عێراق ناکەن.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی چەندین ڕۆژە گروپە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق بەدرۆن و مووشەک هێرش دەکەنە سەر کوردستان بەتایبەتی شارەکانی (هەولێر و سلێمانی)، بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە.

07 ئازار 2026 23:00
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026