سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد
لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر بە مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییەکان دەربڕی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرەنسا لەسەر دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و ڕێگری کردن لە پەرەسەندی زیاتری ململانێکان گفتوگۆیان کرد.
ئەمڕۆ شەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی کۆماری فەرەنساوە پێگەیشت.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر بە مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییەکان دەربڕی و هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگری لە فراوانبوونی زیاتری بازنەی ململانێکان، بە شێوەیەک کە ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلانی ناوچەکە بگەڕێتەوە.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، هەردوولا داکۆکییان لە پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە دۆستانەیەی نێوانیان کردەوە کە مێژوویەکی درێژی لە هاوکاری و هەماهەنگی لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ڕۆڵی پێشەنگانەی سەرۆک ماکرۆن و فەرەنسای کرد بۆ پشتگیریکردنی بەردەوامی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە تایبەت لە هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە مەترسییەکانی شەڕ و ئاڵۆزی.