پایتەخت

ئێن بی سی نیوز: ترەمپ بە نهێنی پلانی هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران دادەڕێژێت

ئێن بی سی نیوز: ترەمپ بە نهێنی پلانی هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران دادەڕێژێت
کورتە

بەگوێرەی کەناڵێکی ئەمریکی، ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا، ڕژێمی ئێران برووخێنێت.

سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی خۆی بۆ شێوازی حکومڕانی ئێران دوای کۆتایی هاتنی جەنگ و هێرشی زەمینی سەر وڵاتەکەی بەنهێنی تاوتوێ کردووە.

کەناڵی "ئێن بی سی نیوز"ـی ئەمریکی لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکا بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بیرۆکەی پلانی "هێرشی زەمینی سەربازیی" بۆ سەر ئێرانی لەگەڵ بەرپرسە کۆمارییەکانی دەرەوی کۆشکی سپی تاوتوێ کردووە. لە هەمان کاتدا پێشبینی خۆی لەسەر شێوازی حکومڕانی ڕژێمێکی نوێی ئێرانی دوای کۆتایی هاتنی جەنگ دەڕبڕیوە، بەشێوەیەک کە نزیک بێت لەو حکومڕانییەی ئێستا لە وڵاتی ڤەنزوێلا هەیە و کۆنترۆڵی نەوتی ئێرانیش بکات.

بەگوێرەی ئەم سەرچاوەیە، پلانەکە هێرشێکی سنووردار دەبێت، لە ڕێگەی ژمارەیەکی سەربازی دیاریکراو بۆ سەر چەند ئامانجێکی ستراتیژی جێبەجێدەکرێت، بەڵام ترەمپ تا ئێستا بە فەرمی بڕیاری لەسەر هیچ لەم پلانانە نەداوە.

لەلایەکی دیکەوە، هەر دوێنێ هەینی 6-3-2026، ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی رایگەیاند: "ئێران ئەو وڵاتە نییە کە هەفتەیەک لەمەوبەر هەبوو. هەفتەیەک پێش ئێستا ئەوان بەهێز بوون، بەڵام ئێستا بەڕاستی پەکخراون."

ترەمپ متمانەی خۆی بە ئاسانیی هەڵبژاردنی سەرکردەیەکی نوێ بۆ ئێران دەربڕی و گوتی، دەبێت خۆی لەو پرۆسەیەدا بەشدار بێت. ترەمپ دۆخەکەی بە ڤەنزوێلا چواند کە تێیدا واشنتن توانی نیکۆلاس مادۆرۆ دەستگیربکات و جێگرەکەی بخاتە شوێنی.

سەرچاوە ئەمریکییەکان پێشبینی دەکەن ئەگەر وڵاتەکە هێرشی زەمینی بکاتە سەر ئێران، ڕێڕەو و چوارچێوەی جەنگەکە دەگۆڕێت و مەترسی زیادبوونی قوربانییانی سەربازی ئەمریکا بەرزتر دەبنەوە. بەگوێرەی ئامارەکانی پێنتاگۆن، لەسەرەتای جەنگەوە تا ئێستا شەش سەربازی ئەمریکی کوژراون و 18ـی دیکەش بریندار بوون.

07 ئازار 2026 10:53
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026