وەزارەتی کشتوکاڵ : دەنگۆی خراپی مریشکی کێڵگە پەلەوەرییەکان ڕەت دەکەینەوە
وەزارەتی کشتوکاڵ کۆمەڵە دەنگۆیەک ڕەتدەکاتەوە و دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدات
ماوەی چەند ڕۆژێکە دەنگۆی بەکارهێنانی دەرمانی ڤاکسینی قەدەغەکراو بۆ مریشکی خۆماڵی بڵاو بووەتەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ تەواوی دەنگۆکان ڕەتدەکاتەوە و دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی کشتوكاڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە، سێکتەری پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان سەرچاوەیەکی گرنگی بەهێزبوونی ژێرخانی ئابووری، دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان و بەکارخستنی هێزی کاری ناوخۆیی و سەرچاوەی بژێویی هەزاران کەسە.
وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە دا، ژمارەیەک کەسی دیاریکراو کە جۆرێک لە دەرمانی قەدەغەکراویان بەکارھێنابوو، دەستگیر کراون و رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە گشتاندن بۆ هەموو کێڵگەکان بکرێت.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی کشتوکاڵ هاتووە: "ئەو دەنگۆیانەی کە باسی خراپی بەکارهێنانی مریشکی کێڵگە پەلەوەرییەکان دەکەن ڕەتی دەکەینەوە".
وەزارەتی کشتوکاڵ دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدات، کە بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکانی کوردستان لەژێر چاودێریی وردی لیژنە پزیشکی و ڤێتێرنەرییەکاندا دەخیرێنە بازاڕەوە و شیاون بۆ خواردن.