عێراق 17 کەس بەتۆمەتی بردنی هاووڵاتییان بۆ شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا دەستگیر دەکات
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لێکۆڵینەوە لەو کەسانە دەکات، کە هاووڵاتییانی عێراق بۆ "بەدەستهێنانی هەلی کار" هەڵدەخەڵەتێنن و ڕەوانەی ڕیزەکانی سوپای ڕووسیایان دەکەن.
لە چوارچێوەی زیادبوونی دیاردەی هەڵخەڵەتاندنی گەنجانی عێراق بۆ شەڕکردن لە ڕیزی سوپای ڕووسیا، عێراق دەستی بە ڕێکاری توند کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەعید جەیاشی، راوێژکاری ستراتیژی لە راوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی و ئەندامی لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ناونووسکردنی عێراقییەکان لە سوپای رووسیا، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، 17 کەسیان دەستگیرکردووە، کە هاووڵاتییانی عێراقییان بەناوی رەخساندنی هەلی کار بردووەتە ڕووسیا و لەوێ ناچاریانکردوون بچنە ریزەکانی سوپا و دواتر براونەتە بەرەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا.
سەعید جەیاشی ئاماژەی بە گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێکاری باڵیۆزخانەی عێراق لە مۆسکۆ داوە، لەوانە کردنەوەی هێڵێکی گەرم بۆ هەموو ئەو عێراقییانەی لە ڕووسیان و رووبەڕووی ئەم دیاردەیە بوونەتەوە، بە مەبەستی یارمەتیدانیان و پێدانی پاسپۆرتی کاتی و گەڕانەوەیان بۆ عێراق، کە تا ئێستا ژمارەیەک عێراقی لەلایەن ڕووسییاوە گەڕێنراونەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، حکومەتی عێراق پەیوەندی لەگەڵ لایەنی ئۆکرانیدا کردووە بۆ گەڕاندنەوەی زیندانییە عێراقییەکان و جەختیش دەکاتەوە، کە وەفدێکی حکومەت بەنیازە سەردانی مۆسکۆ بکات بۆ زانینی ژمارەی راستەقینەی سەربازە عێراقییەکان.
پێشووتر حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە بوونی نزیکەی 5000 هاووڵاتی عێراقی لە ڕیزەکانی سوپای ڕووسیا کرد بوو، کە لە دژی ئۆکراینا دەجەنگن.
جگە لە هاووڵاتییانی عێراقی، هاووڵاتییانی کوردیش لە ڕیزەکانی سوپای ڕووسیا بوونیان هەیە و لە سەرەتای ئەمساڵ، دەنگۆی کوژرانی یەکەم هاووڵاتی کورد بەناوی ‘مەتین عەبدولوەهاب’ لە ڕووسیا بڵاوبوویەوە، بەڵام ڕۆژی دواتر باوکی ناوبراو بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، کوڕەکەی زیندووە و شەوی پێشووتر پەیوەندی تەلەفۆنی پێوەکردووە.