120 ملیارەکە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش وەختە 120 ملیارەکە ڕەوانەی بەغدا دەکات
بۆ ناردنی مووچەی مانگی 2ـی مووچەخۆران، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش وەختە 120 ملیارەکە ڕەوانەی بەغدا دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کۆبوونەوەکە دووپاتی کردەوە، پێویستە حکومەتی فیدراڵ نەک تەنیا مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵکو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی فیدراڵ بە پێی ڕێژەی 14.1ی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق بنێرێت.
ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژە بەوە دەکات، هەرێمی کوردستان پابەندیی نەوتی و دارایی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە و لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمەوە بێ کەموکوڕی ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە.
ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە پابەندیی ناردنی 120 ملیار دینار بۆ مانگی شوبات ڕوونیکردەوە، لەسەر ئەولەویەتدان بە ناردنی ئەم پارەیە پێش هەر خەرجییەکی دیکە تاوەکو هیچ پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەمێنێتەوە بۆ دواخستنی خەرجکردنی مووچەی مانگی شوبات و مانگەکانی دیکەش.