150,000 تاوان لە ڕێگەی پلاتفۆڕمی تێلیگرام ئەنجام دراون
ڕووسیا خاوەنەکەی تێلیگرام بە ڕێگەخۆشکردنی تاوان و کردەوەی تیرۆرستی تۆمەتبار دەکات
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، ڕووسیا پلاتفۆڕمی تێلیگرام لە وڵاتەکە قەدەغە کرد و خاوەنەکی بە ڕێگەخۆشکردنی تاوان و کردەوەی تیرۆرستی تۆمەتبار دەکات.
بەگوێری زانیارییەکانی دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا، لە ساڵی 2022ـەوە ئەنجامدانی تاوان لە ڕێگەی بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام 150 هەزاری تێپەڕاندووە. بەم هۆیەوە پاڤێڵ دورۆڤ، ملیاردێر، خاوەن و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پلاتفۆرمەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
هەروەها لە نێو ئەم تاوانانە، 33 هەزار دانەیان تیرۆرستی بوون، وەک ڕێکخستنی تەقینەوە و ئاگربەردانە ئۆفیسی سەربازی و کوشتن.
بەگوێرەی بڵاوکراوەکانی میدیاکانی سەر بە حکومەتی ڕووسیا، پاڤێڵ دورۆڤ بە ڕێگەخۆشکردنی هێرشکردنە سەر وڵاتەکە تۆمەتبار دەکەن، دەڵێن: "پلاتفۆڕمی تێلیگرام وەک ئامرازێکی هەواڵگری بۆ ئۆکراینا و وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپای لێهاتووە."
تا ئێستا ئاسایشی فیدڕاڵی ڕووسیا توانیویانە ڕێگری لە 475 هێرشی تیرۆرستی بەکەن، کە لە ڕێگەی پلاتفۆڕمی تێلیگرامەوە ڕێکخرابوون، 61 لەم تاوانانەش کردەوەی دەستڕێژی گوللە بوون و لەلایەن هەرزەکارانەوە پلانیان بۆ داڕێژرابوو.
ساڵی 2024، پاڤێڵ دورۆڤ، بە کەفالەتی 5 ملیۆن یۆرۆ ئازادکرا بەو مەرجەی نابێت فەرەنسا جێبهێڵێت. ناوبراو بە تۆمەتی رێگرینەکردن لە بڵاوبوونەوەی بابەتی هاندان بۆ تووندوتیژی لە تێلیگرام دەستگیرکرابوو.