ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە هێورکردنەوەی دۆخی سووریا بەرزنرخێندرا
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە تۆم باراک کرد و چەند پرسێکی گرینگ تاوتوێ کران
تۆم باراک پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە هێوركردنەوەی پێشهاتەكانی ئەم دواییەی سووریا دەربڕی.
ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆك بارزانی پێشوازی لە تۆم باراك، نوێنەری دۆناڵد ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا كرد، لە دیدارەكەدا سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی ئامادەی بوو.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، تۆم باراك پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی شەڕ و توندوتیژی و هەروەها هەوڵدان بۆ هێوركردنەوەی پێشهاتەكانی ئەم دواییەی سووریا و سەرگرتنی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات.
تۆم باراک جەختی لەوە کردەوە، بۆ كێشە و گرفتەكانی عێراق سوود لە حیكمەت و ڕێنوێنیی سەرۆك بارزانی وەربگیرێت.
لە دیدارەکەدا سەرۆك بارزانی ڕوونیکردەوە، عێراق خاوەنی بڕیار و سەروەریی خۆی بێت و لەگەڵ سەرجەم دراوسێكاندا بەرژەوەندیی هاوبەشی هەبێت.
سەرۆک بارزانی سەبارەت بە پرسی سەرۆككۆماری عێراق ئاماژەی بەوە دا، مادام ئەو پۆستە پشكی گەلی كوردستانە پێویستە میكانیزمێكی شاییستە بۆ دیاریكردنی بەربژێری سەرۆككۆمار هەبێت كە دەرخەری ئیرادەی خەڵكی كوردستان بێت.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، كە چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن كە كێ بەربژێری پۆستی سەرۆكوەزیران بێت.