ئەو شۆفێرەی بە سەرخۆشی هاووڵاتییەکی لە سلێمانی شێلا، دەستگیرکرا
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتای ڕاگەیاند.
دوای ئەوەی شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا درەنگانی شەوی ڕابردوو هاووڵاتییەکی شێلا و هەڵهات، پۆلیسی سلێمانی جەخت لە دەستگیرکردنی دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو نزیكەی كاتژمێر 1:00ـی شەو هاووڵاتییەك لەكاتی پەڕینەوەیدا لەشەقامی بازنەیی مەلیك مەحموود ئۆتۆمبێلێكی جۆری تویوتا كراونی بێ سەرەتا لێی دەدات و هەڵدێت.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، دەستبەجێ مەفرەزەكانی پۆلیسی فریاكەوتن بەدوای شوێن ئۆتۆمبێلی ناوبراو دەكەون و دەستگیری دەکەن.
بەگوێرەی بڵاوکراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، شۆفێرەكە لەژێر كاریگەری ماددەی (كحول)دا بووە و لە ئێستادا پەراوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە رێكخراوە.
پۆلیسی سلێمانی ڕوونیکردەوە، تۆمەتبار بەناوی (ئ.ئ.م) لەدایك بووی 1984 بەپێی مادەی 23 لەیاسای هاتووچۆ راگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.