بەشێک لە حاجییان بڕی 80 هەزارییان وەکو قەرەبوو پێدرا
ئەو حاجییانەی پار ساڵ لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە سعودییە ناچاربوون بە ڕێگەی وشکانی بێنەوە کوردستان، قەرەبوو کرانەوە.
دوای زیاتر لە 8 مانگ، حاجییانی هەرێمی کوردستان قەرەبووەکەیان وەرگرتەوە و بەشێکیان ڕەخنە لە کەمی بڕی قەرەبووەکە دەگرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لەشاری سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە قەرەبوونی حاجییانی ساڵی ڕابردووییان وەرگرت.
ساڵی ڕابردوو لە ساتەوەختی شەڕی ئێسڕائیل و ئێران سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان ڕاگیران، هەر بۆیە حاجییانی هەرێمی کوردستان لە سعودییە ناچاربوون بە ڕێگەی وشکانی بێنەوە کوردستان و لە ڕووی داراییەوە زەرەرمەند بوون.
عەباس خدر، بەڕێوەبەری نووسینگەی حەج و عومرەی سلێمانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە ڕێگەی لێژنەیەکی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بڕی 80 هەزار وەکو قەرەبوو بەسەر حاجییان دابەشکرا.
عەباس خدر ئاماژەی بەوە کرد، هەر حاجییەک نەیتوانیوە سەردان بکات ئەوا سبەی دوا مۆڵەتە بۆ وەرگرتنی قەرەبووەکەی.
بەڕێوەبەری نووسینگەی حەج و عومرەی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، قەرەبووەکە بۆ ئەو حاجییانەیە کە ساڵی ڕابردوو بە گەشتی ئاسمانی سەردانی وڵاتی سعودییان کرد و دواتر بە ناچاری بەڕێگەی وشکانی گەڕانەوە کوردستان.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕەخنەی حاجییان بۆ کەمی قەرەبووەکە ڕوونیکردەوە، ئەم بڕە پارەیە حکومەتی عێراق خەمڵاندنی بۆ گرێبەستی حاجییان کردووە، ئەوان قەرەبووی حاجییانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەنەوە.
پێداویستی وەرگرتنی قەرەبووەکە:
-کارتی نیشتیمانی
-پاسۆرتی عێراقی