ستیڤ ویتکۆف: ئێران هەفتەیەک لە چەکی ئەتۆمییەوە دوورە
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بە کەلەڕەقی ئێران کرد، کە چۆن سەرباری هەموو گوشارە سیاسی و سەربازییەکان، ئامادە نییە مل بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا بدات.
بە گووتەی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ترەمپ سەری لە کەلەڕەقی ئێران سووڕماوە کە چۆن تا ئێستا ئامادە نین ڕێککەوتن بکەن، هاوکات هۆشداریش لە تەواوکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن وڵاتەکە دەدات.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت بزانێت چۆن تا ئێستا ئێران ڕێککەوتنی لەسەر پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵیان نەکردووە؛ "ترەمپ سەری سورماوە لەوەی چۆن ئێران لە ژێر ئەم هەموو فشارە سەربازییەی کە ئەمریکا ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیری کردوون، خۆیان بەدەستەوە نەداوە و نەهاتوون بڵێن: 'ئێمە چەکی ئەتۆمیمان ناوێت، ئەوە ئامادەین ڕێککەوتن بکەین'، بەڵام قورسە ئێران ڕاپێچی ئەم قۆناغە بکەین."
سەبارەت بە ئامانجی ترەمپ لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، ویتکۆف گووتی: "هێڵی سوور"ـی ترەمپ بریتییە لە 'سفرکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم'، واتە نابێت ئێران بە هیچ شێوەیەک یۆرانیۆم بپیتێنێت، بەڵام وێڕای ئەوەی ئێرانییەکان جەخت لە ئاشتیبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان دەکەنەوە، زۆر زیاتر لەوەی بۆ ئەو پڕۆژەیە پێویستە پیتاندن ئەنجام دەدەن؛ بە گوتەی ئەو، رەنگە تەنیا هەفتەیەک لە بەدەستهێنانی کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم دوور بن، چونکە رێژەی پیتاندنیان گەیاندووەتە لە سەدا 60.
ئەم چاوپێکەوتنەی ویتکۆف لە کاتێکدایە، ترەمپ داوای لە ئێران کردووە ڕێککەوتن لەسەر پڕۆگرامی ئەتۆمییەکەی بکات، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی هێزی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نزیک ئێران جێگیر کردووە. ڕۆژی هەینی ڕابردوو ترەمپ گووتی: "وا باشترە ئێران ڕێککەوتنێکی دادوەرانە بکات." هاوکات ئاماژەی بە کوژرانی 32 هەزار خۆپیشاندەری لە ئێران کرد، ئەم ڕێژەیەش لەلایەن گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی وڵاتەکە خەملێندراوە.
بەگوێرەی گووتەی ڕاوێژکارانی ترەمپ، سرووشتی ئەو (ترەمپ) نییە ئەم هەموو هێزە تەنیا بۆ فشارکردن و فێڵکردن لە ئێران بهێنێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ ترەمپ ئەگەری ڕوودانی هەموو شتێك هەیە، بەڵام هەموو نیشانەکان ئاماژە بە دەستپێکردنی جەنگ دەکەن ئەگەر بێت و دانووستان لەگەڵ ئێران شکستبهێنێت.