مایک هەکەبی: مافی ئیسرائیلە بەشی هەرەزۆری خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داگیر بکات
مایک هەکەبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل دەڵێت، خودا بەڵێنی خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە جووەکان داوە و مافی خۆیانە داگیری بکەن.
باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل دەڵێت ئاساییە ئیسرائیل دەست بەسەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێت.
دوێنێ هەینی، تەکەر کارلسن، میدیاکاری ناسراوی ئەمریکی لە چاوپێکەوتنێکدا لە مایک هەکەبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیلی پرسی: "لە کتێبی پیرۆزی ئینجیل، خودا بەڵێنی خاکی ڕووباری فوڕات لە عێراق و ڕووباری نیلی لە میسڕ بە نەوەکانی پێغەمبەر ئیبراهیم داوە، کە ئەمەش لە سەردەمی ئێستادا لوبنان، سووریا، و ئوردان بەشکی سعودییە دەگرێتەوە. واتە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەمەش ئیسرائیل شەریعەتی هەیە ئەم کارە بکات؟"
باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە وەڵامدا گووتی: "ئاساییە ئەگەر ئیسرائیل دەستی بەسەر هەموو ئەم شوێنانە دا بگرێت، مافی شەرعی خۆیانە."
چاوپێکەوتنەکەی هەکەبی لە کاتێکدایە، کارلسۆن لە کاتێکی گەشتێکیدا بۆ ئیسرائیل لە فڕۆکەخانەی بێن گوریۆن لە تێل ئەڤیڤ، بە گووتەی خۆی "تووشی پشکنین و پرسیارێکی زۆر کرایەوە"، کە ناوبراو پڕۆسەکەی بە شتێکی "سەیر و نامۆ" وەسف کرد، بەڵام هەکەبی لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسی: هەموو کەسێک کە دێتە ئیسرائیل پاسپۆرتەکەی دەپشکندرێت و پرسیاری ئەمنی و ئاسایشی لێ دەکرێت، ئەوەی کارلسۆن پێیدا ڕۆیشتووە، هەر پڕۆسەیەکی ڕۆتینییە."
هەکەبی زایۆنێکی مەسیحییە، لەوکاتەوەی پۆستی باڵیۆزی وەرگرتووە ڕووبەڕووی ڕەخنە تووند بووەتەوە. ڕەخنەگران دەڵێن، ئەو پشتگیری لە سیاسەتەکانی ئیسرائیل دەکات و مافەکانی فەلەستینییەکان کەم دەکاتەوە. تەنانەت کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو بە یەهودا و سامیرە ناودەبات، کە لە کتێبی پیرۆزی ئینجیلدا هاتووە.