ئەمریکا دوای 14 ساڵ باڵیۆزخانەی لە دیمەشق دەکاتەوە
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆنگرێسی ئاگادار کردووەتەوە کە دەستی بە پلانەکانی کردووە بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لە هەفتەی داهاتوو دەست بە خەرجکردنی بودجە بۆ ئەم پلانە دەکرێت.
بۆ یەکەمجار دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، ئەمریکا دەست بە پڕۆسەی کردنەوەی باڵیۆزخانەی لە دیمەشق دەکاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا sana ڕایگەیاند، ئیدارە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لێژنەکانی کۆنگرێسی لە "پلانێکی قۆناخبەندی" بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی کارەکانی باڵیۆزخانەکەی لە سووریا ئاگادار کردووەتەوە، کە لە ساڵی 2012ـەوە لەو وڵاتە داخراوە.
ئاگادارکردنەوەکە لە 10ـی شوباتی ئەمساڵ نێردراوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، کە بودجەی تایبەت بەم پلانە لە 15 ڕۆژی دیکە یان هەفتەی داهاتوو خەرج دەکرێت، بەڵام هیچ کاتێکی تایبەت بۆ تەواوبوونی پڕۆسەکە و گەڕانەوەی دیپلۆماتە ئەمریکییەکان بۆ دیمەشق دیاری نەکراوە.
ئەم هەنگاوەی واشنتۆن دوای ئەوە دێت، لە مانگی 12ـی 2024 بەشار ئەسەد لە دەسەڵات لادرا. تۆم باراك، باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا و نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ سووریا، یەكێك بووە لە پاڵپشتیكارە سەرەكییەكانی نزیكبوونەوە لەگەڵ سەركردایەتییە نوێیەكەی سووریا بە سەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع.
لە مانگی 5ـی 2025، تۆم باراک سەردانی دیمەشقی کرد و بە ئامادەبوونی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، ئاڵای ئەمریکا لەسەر باڵیۆزخانەکە بەرز کردەوە.