ئاژانسی ئەکسیۆس: پلانی کوشتنی خامنەیی و کوڕەکەی خراوەتە بەردەم ترەمپ
ئەمریکا هەڵبژاردەکانی بەردەم ئێران کەمتر دەکاتەوە و ئێستا ئەوەی ماوەتەوە، یان ڕێککەوتنێکی سنوورداری پیتاندنی یۆرانیۆمە یان گۆڕینی ڕژێمی تارانە.
تا دێت ئەگەری هێرشەکردنە سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە زیاتر دەبێت و وەزارەتی جەنگی وڵاتەکە پلانی کوشتنی خامنەیی و کوڕەکەیان داڕشتووە، تەنیا چاوەڕوانی ترەمپن.
ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێ دوو هەڵبژاردە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران دەکات، یەکێکیان ئەگەرێکی تەسکی ڕێککەوتنی (تۆکن)ـی پیتاندنی یۆرانیۆمە، هاوکات لەلایەن وەزارەتی جەنگی ئەمریکا پلانی کوشتنی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران و کوڕەکەی خراوەتە بەردەمی.
ڕێککەوتنی (تۆکن)ـی پیتاندنی یۆرانیۆم، ڕێگە بە بەرهەمهێنانی بڕێکی کەرتبوونی ناوکی دەدات کە بە "تۆکن" ناسراوە، بەبێ ئەوەی توانای تەواوی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەبێت. ئەم شێوازە زۆرجار لە ڕێکەوتنە ئەتۆمییە نێودەوڵەتییەکاندا بەکاردەهێنرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ماددە پیتێنراوەکان بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بەکار ناهێندرێن.
ئەم بەرپرسەی ئەمریکا بە ئەکسیۆسی گوتووە: "ترەمپ ئامادەیە رێککەوتنێکی سیاسیی بنەڕەتی لەگەڵ ئێران قبووڵ بکات ئەگەر ئۆفەرێکی وا پێشکەش بکەن نەتوانرێت رەتبکرێتەوە، ئەگەرنا ئارامیی ئەمریکا بەردەوام نابێت. هەر رێککەوتنێکی چاوەڕوانکراوی نێوان واشنتن و تاران دەبێت بۆ وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل جێگەی قبووڵ بێت."
لەلایەکی دیکەوە، ئەمریکا پێشنیاری ئێران بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی بۆ ماوەی 3 ساڵ و هێرشنەکردنە سەر ئیسرائیل بە مووشەک ڕەت دەکاتەوە.
هاوکات هەر دوێنێ هەینی 20-1-2026، ئاژانسی ڕۆیتهرز له زاری ژمارهیهك بهرپرسی ئهمریكی بڵاویكردهوه، پلانی سەربازیی ئەمریکا بۆ هێرشكردنه سهر ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، بژاردەکان بریتین لە لێدانی ئامانجدار بۆ گۆڕینی ڕژێمی تاران. ئهو بهرپرسانه ئاماژهیان بهوهداوه، ههموو شتێك ئامادهیه و تهنیا ئهوه ماوه، سەرۆک ترەمپ فهرمان دهربكات.