6 تۆمەتباری ژن لەسەر گلەیی هاووڵاتییان دەستگیرکران
لەسەر گلەیی و نیگەرانی هاووڵاتییان شەش تۆمەتباری ژن لە سلێمانی دەستگیرکران.
دوای ئەوەی لەسەر ڕێگەی عەربەت - سلێمانی ژمارەیەک ژن بەشێوەیەکی نەشیاو خەڵکیان بێزار دەکرد، پۆلیسی سلێمانی لەسەر داوای هاووڵاتییان تۆمەتبارانی دەستگیرکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، لەسەر گلەیی و نیگەرانی هاووڵاتییان، بنکەی پۆلیسی عەربەت هەستان بەدەستگیرکردنی 6 تۆمەتباری ژن.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم تۆمەتبارانە لەسەر ڕێگەی عەربەت -سلێمانی لەنزیک عەلوەی سلێمانی بەشێوەیەکی نەشیاو بڵاوبوونەتەوە.
ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان لەسەر بێزارکردنی هاووڵاتییان بووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، لەئێستادا بەبریاری دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی مادەی (240/ یاسای سزادانی عێراقی) راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.