ڕاوێژکارانی ترەمپ: ترەمپ تووڕە بووە و بەم نزیکانە جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرهەڵدەدات
لە کاتێکدا وەزیری دەروەی ئێران دانووستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا بە "هەنگاوی بەرەو پێش چوون" وەسف کرد، بەڵام ڕاوێژکارانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی سەرهەڵدانی جەنگ لەم نزیکانە دەکەن.
ڕاوێژکارەکانی سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری لە ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن و دەڵێن: "ترەمپ تووڕە بووە."
ئەمڕۆ چوارشەممە، پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی لەزاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە ڕایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زۆر لە دەستپێکردنی جەنگێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکترە لەوەی خەڵک پێشبینی دەکەن. دەکرێت جەنگەکە بەم نزیکانە دەستپێبکات؛ ڕاوێژکارێكی ترەمپیش دەڵێت: "سەرۆک خەریکە تووڕە دەبێت، هەندێک کەسی دەورووبەری لە دژی چوونە جەنگ لەگەڵ ئێران هۆشداری پێدەدەن، بەڵام پێموایە ئەگەری 90% هەیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا کردار ببینین."
ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بە جمووجۆڵە بەردەوامەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، کە لەوماوەیەدا ژمارەیەک کەشتی فرۆکەهەڵگر، سەدان فرۆکەی جەنگی، چەندین سیستەمی بەرگری ئاسمانی گەیشتوونەتە ناوچەکە، هاوکات چەندانی دیکەش بەڕێوەن؛ تەنانەت لە ماوەی تەنیا 24 کاتژمێری ڕابردوودا، ئەمریکا 150 فڕۆکەی لە جۆرەکانی F-16، F-22 و F-35 ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
ڕاوێژکارانی ترەمپ دەڵێن: "سرووشتی ترەمپ نییە ئەم هەموو هێزە تەنیا بۆ فشارکردن و فێڵکردن لە ئێران بهێنێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ ترەمپ ئەگەری ڕوودانی هەموو شتێك هەیە، بەڵام هەموو نیشانەکان ئاماژە بە دەستپێکردنی جەنگ دەکەن ئەگەر بێت و دانووستان لەگەڵ ئێران شکستبهێنێت."
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەم سەرچاوەیە، هێرشەکانی ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل دەبن و زۆر لە ئۆپەراسیۆنەکانی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوو زیاتر دەخایەنن. واتە ئۆپەراسیۆنێکی چەند مانگی دەبن.
سەرەڕای ئەوەی دوێنێ سێشەممە 17-2-2026، دانووستانی ناڕاستەوخۆی نێوان شاندی ئێران و شاندی ئەمریکا بەنێوەندگیری وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عومان لە جنێڤی سویسرا بەڕێوەچوو و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند: "دواجار توانیمان بگەینە رێککەوتنێکی بەرفراوان لەسەر کۆمەڵێک بنەما. لەسەر بنچینەی ئەو پرەنسیپانە بەرەو پێش هەنگاو دەنێین و دەست بە کارکردن لەسەر دەقی رێککەوتنێکی ئەگەری دەکەین". بەڵام پێگەی ئەکسیۆس نووسیویەتی، بەڵگەی هیچ ئاسۆییەکی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دیار نییە، بەڵکو بەڵگەی زیاتری سەرهەڵدانی جەنگ هەیە.