پایتەخت

ئەمریکا زیاتر لە 50 فرۆکەی جەنگی ناردووەتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەمریکا زیاتر لە 50 فرۆکەی جەنگی ناردووەتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
کورتە

ئەمریکا دەیان فرۆکەی جەنگی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەش دەڵێت: "هەڕەشەکردن لە ترەمپ بڕیارێکی ژیرانە نییە."

لەکاتێکدایە ڕێڕەوی دیپلۆماسی و دانووستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەرەو کۆتایی دەڕۆن، ئەمریکا بەردەوامە لە ناردنی هێزی زیاتری سەربازی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمڕۆ چوارشەممە بەرپرسێكی ئەمریکا بۆ پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی پشتڕاستکردەوە، لە ماوەی تەنیا 24 کاتژمێری ڕابردوودا هێزی سەربازی ئەمریکا 50 فرۆکەی جەنگی ناردووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەنێویاندا فرۆکەی جۆری F-22، F-35 هەن.

پێشووتر لە کۆتایی مانگی یەکی ڕابردوو بەر لە دەستپێکردنەوەی دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆڕمی تروس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە، هێزێکی دەریایی "مەزن" بەرەو ئێران دەچێت. هێزەکە بە سەرکردایەتی کەشتی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکن و جێراڵد فۆرد" دەڕۆن، کە توانایەکی هێرشبەریی بێوێنە دەداتە ئەمریکا و دەتوانێت بە سەدان فڕۆکەی جەنگییەوە لە یەک کاتدا چەندین ئامانجی جیاواز بپێکێت.

ئەم جمووجۆڵە سەربازییانە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە 17-2-2026، دانووستانی ناڕاستەوخۆی نێوان شاندی ئێران و شاندی ئەمریکا بەنێوەندگیری وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عومان لە جنێڤی سویسرا بەڕێوەچوو.

دوای کۆبوونەوەکە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: "دواجار توانیمان بگەینە رێککەوتنێکی بەرفراوان لەسەر کۆمەڵێک بنەما. لەسەر بنچینەی ئەو پرەنسیپانە بەرەو پێش هەنگاو دەنێین و دەست بە کارکردن لەسەر دەقی رێککەوتنێکی ئەگەری دەکەین. دەتوانم بڵێم، بەراورد بە گەڕی پێشوو، گفتوگۆی تەواو جیدی کران و کەشەکە بنیاتنەرانە بوو."

لەلایەکی دیکەوە، دوێنێ عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران لە کۆبوونەویەکی لە ئازەربایجان ڕووی دەمی کردە ترەمپ و ڕایگەیاند: "تۆ ناتوانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕووخێنیت، تەنانەت دەکرێت بەهێزترین هێزی سەربازی جیهان گورزی هێندە کوشندەی بەرکەوێت، کە نەتوانێت لێی هەڵبستێتەوە. هەر باسی ناردنی کەشتی فرۆکە هەڵگر بۆ ڕۆژهەكاتی ناوەڕاست دەکەن، ڕاستە ئەمانە مەترسیدارن، بەڵام لەوانە مەترسیدارتر ئەو چەکانەن کە دەتوانن ئەم کەشتییانە نقوومی ژێر دەریا بکەن!"

دوای ئەم هەڕەشانەی خامنەیی، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە هەژماری خۆیان لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیان: "هەڕەشەکردن لە ترەمپ بڕیارێکی ژیرانە نییە."

18 شوبات 2026 10:34
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026