هەرێمی کوردستان بڕیار لە دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دەدات
هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بە پشت بەستن بە لێژنەکانی بینینی مانگ، یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان لە هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ لێژنەی بینینی مانگ چاودێری مانگ دەکەن و هەرێمی کوردستان بڕیار لە دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بینینی مانگی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکانی لە شار و شارۆچکەکان چاودێری بینینی مانگ دەکەن.
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی باسی لەوە کرد، بە پشت بەستن بە بەڵگەکان ئەگەر مانگ بیندرا ئەوا بەیانی چوارشەممە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دەبێت.
گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، تەنیا بە پشت بەستن بە لێژنەکان بڕیار لە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دەدرێت، هەر بۆیە بڕیار لای هەرێمی کوردستانە نەک وەقفی سوننەی عێراق و سعودییە.