خامنەیی هەڕەشەی نقوومکردنی کەشتیییەکانی ئەمریکا دەکات
لەکاتێکدا دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان شاندی ئێران و شاندی ئەمریکا لە جنێڤی سویسرا بەڕێوەدەچێت، عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران هەڕەشە دەکات.
رابەری باڵای ئێران وەڵامێکی تووندی هەڕشەکانی ترەمپی دایەوە و هەڕەشەی نقوومکردنی ئەو هێزە دەکات، کە ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران لە کۆبوونەویەکی لە ئازەربایجان ڕووی دەمی کردە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڕایگەیاند: "تۆ ناتوانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕووخێنیت، تەنانەت دەکرێت بەهێزترین هێزی سەربازی جیهان گورزی هێندە کوشندەی بەرکەوێت، کە نەتوانێت لێی هەڵبستێتەوە."
لە درێژەی قسەکانیدا، خامنیەی گووتی: "هەر باسی ناردنی کەشتی فرۆکە هەڵگر بۆ ڕۆژهەكاتی ناوەڕاست دەکەن، ڕاستە ئەمانە مەترسیدارن، بەڵام لەوانە مەترسیدارتر ئەو چەکانەن کە دەتوانن ئەم کەشتییانە نقوومی ژێر دەریا بکەن!"
ئەم قسانەی رابەری باڵای ئێران لە کاتێکدایە، لەم دواییانەیدا ترەمپ گووتبووی: "47 ساڵە ئەمریکا نەیتوانیوە کۆماری ئیسلامی لەناو ببات"؛ لەبەرامبەردا خامنەیی دەڵێت: "ئەمە دانپێدانانێکی باشە. منیش دەڵێم: تۆش ناتوانیت ئەو کارە بکەیت."
لە ئێستادا دانووستانی ناڕاستەوخۆی نێوان شاندی ئێران و شاندی ئەمریکا بەنێوەندگیری وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عومان لە جنێڤی سویسرا بەڕێوەدەچێت.