پایتەخت

لە پڕۆژەی ڕووناکی نیوەی ماڵان لەسەر دوایین پسوولەی کارەبا کەمتر لە 73,000 دینارییان بۆ هاتووەتەوە

لە پڕۆژەی ڕووناکی نیوەی ماڵان لەسەر دوایین پسوولەی کارەبا کەمتر لە 73,000 دینارییان بۆ هاتووەتەوە
کورتە

وەزارەتی کارەبا ڕوونکردنەوەیەکی گرینگ بۆ تەواوی هاوبەشانی کارەبا دەدات

وەزارەتی کارەبا نرخی دوایین پسوولەی کارەبا لە پڕۆژەی ڕووناکی بۆ هاوبەشان ئاشکرا دەکات، هۆکاری زۆرهاتنەوەی پارەی بەشێکیان دەخاتەڕوو.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بە هیچ شێوەیەک نرخی کارەبا نەگۆڕاوە، هەر گۆڕانکارییەک بکرێت لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند دەکرێت و حکومەت ئاگادارە لەوەی بەشێک لە ماڵان بڕی پسوولەی کارەبایان لەم زستانەدا بەرزتربووە لە مانگەکانی ڕابردوو، ئەمەش وایکردووە بە جدییەوە لەم بابەتە بڕوانێت و ئەو بارگرانییەی کەوتووەتەوە سەرشانی بەشێک لە هاووڵاتییان هەڵبگرێت.

 

وەزارەتی کارەبا سەبارەت بە هاوکاری هاوبەشانی ماڵان دەڵێت: "تا ڕێککەوتی 12ـی 3ـی 2026، هەر بڕە پارەیەک کە هاوبەشان لە ڕێگەی سەکۆی 'ئی-پسوولە' بیدەن، کە پارەی ڕووناکی بێت یان قەرزی کۆن ئەوا ڕێژەی %20 ئەو بڕە پارەیان لەسەر پسوولەی مانگەکانی داهاتوو کەم دەکرێتەوە.

 

وەزارەتی کارەبا جەخت لەوە دەکاتەوە، پڕۆژەی ڕووناکی نیوەی ماڵان لەسەر دوایین پسوولەی کارەبا کەمتر لە 73,000 دینارییان بۆ هاتووتەوە، هەروەها 80٪ـی ماڵان لەسەر دوایین پسوولەی کارەبا کەمتر لە 160,000 دینارییان بۆ هاتووتەوە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبا هاتووە، بەکارهێنانی زۆری کارەبا بەراورد بە وەرزی زستانی ساڵانی پێشووتر، بۆ سەرمای نائاسایی لەم زستانەدا وایکردووە خەڵک زیاتر پشت ببەستێت بە گەرمکەرەوە کارەباییەکان.

15 شوبات 2026 20:19
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026