دەوامی قوتابخانەکان کەم دەکرێتەوە؟
سەبارەت بە کەمکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە وەڵام دەداتەوە
لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان دەوامی دام و دەزگا و فەرمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان کەم دەکرێتەوە، سەبارەت بە کەمکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە وەڵام دەداتەوە.
ناوەندی فەلەکناسی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات، ڕۆژی 19ـی 2ـی 2026 یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بێت.
بەبۆنەی هاتنی ئەم مانگە، بڕیارە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەوامی سەرجەم دام و دەزگا و فەرمانگە حکومییەکان کەم بکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە سامان سیوەلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە کەمکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بۆ ئەم مەبەستە تا ئێستا بڕیار نەهاتووە و هەر کاتێکیش بڕیاری لەم شێوەیە دەربکرێت بۆ ڕای گشتیی ڕایدەگەیەنن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، لە مانگى ڕەمەزان دەوامی فەرمی لە دام و دەزگا و فەرمانگەكانی حكومەت لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ ماوەی 1 كاتژمێر كەم دەكرێتەوە و دەوام لە كاتژمێر 9ـی بەیانی دەست پێدەكات.
هەر لەمبارەیەوە نەوزاد عەبدوڵڵا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هیچ ساڵێک بۆ مانگی ڕەمەزان دەوامی قوتابخانەکان کەم نەکراوەتەوە.