سویسرا دەنگدان لەسەر سنووردارکردنی ژمارەی دانیشتووان دەکات
لە نوێترین پێشنیاری گەورەترین پارتی ڕاستڕۆی سویسرا، داوای سنووردارکردنی ڕێژەی دانیشتووان دەکەن و ڕەخنەگرانیش ئەم هەوڵانە بە "پێشێلکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان" وەسف دەکەن.
بەهۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی ڕێژەی دانیشتووانی سویسرا، وڵاتەکە لە ڕێگەی ریفراندۆمەوە هەوڵی سنووردارکردنی ژمارەی دانیشتووان دەدات.
پێگەی ئیندیپێندنت بڵاویکردەوە، پارتی گەلی سویسرا ناسراو بە SVP، دژە پەنابەرە و ڕاسترۆیە، هاوکات خاوەنی زۆربەی کورسەییەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەیە، واژۆی پێویستی بۆ دەنگدان لەسەر سنووردارکردنی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکەی بۆ 10 ملیۆن کەس کۆکردووەتەوە. بەم پێیە هاوینی ئەمساڵ ریفراندۆم لەسەر ئەم بابەتە دەکرێت.
ئەم پێشنیارە دەبێتە یاسا، تێیدا دانیشتووانی نیشتەجێی هەمیشەیی سویسرا، بە هاووڵاتییانی سویسری و ئەو بیانییانیەی خاوەنی مۆڵەتی نیشتەجێبوونن، نابێت تا ساڵی 2050 لە 10 ملیۆن کەس تێبپەڕێت. بە گوێرەی ڕاپۆرتی نووسینگەی ئاماری فیدراڵی، ژمارەی دانیشتووانی سویسرا تا کۆتایی چارەکی سێیەمی ساڵی 2025 گەیشتبووە 9.1 ملیۆن کەس.
ئەگەر پێش 2050 ژمارەی دانیشتوانی سویسرا بگاتە 9.5 ملیۆن کەس، ئەوا حکومەت هەنگاو دەنێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی، ئەمەش لە ڕێگەی سنووردارکردی وەرگرتنی پەنابەر، یەکگرتنەوەی خێزانەکان، پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون و دووبارە دانوستان لەسەر رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان.
لایەنگرانی ئەم پێشنیارە نوێیە دەڵێن: "ئامانجەکە یارمەتیدانی پاراستنی ژینگە، سەرچاوە سرووشتییەکان، ژێرخانی ئابووری و تۆڕی ئاسایشی کۆمەڵایەتییە، کە بەهۆی فشارەکانی گەشەی دانیشتووان دروست دەبن.
لەلایەکی دیکەوە، ڕەخنەگران لە زۆربەی لایەنە سیاسییەکان دەڵێن: "ئەم پێشنیارە بابەتێکی ئاڵۆز زۆر سادە دەکاتەوە، سویسرا زۆرجار پشت بە کرێکاری بیانی دەبەستێت لە نەخۆشخانە، هۆتێل، شوێنی بیناسازی، زانکۆکان. هەر سنووردارکردنێک لەسەر کۆچبەران و هاتووچۆی ئازادی خەڵک پێشێلکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانە.
ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات لەدایک دەبن نزیکەی ٪30ـی دانیشتووانی سویسرا پێکدەهێن. زۆربەیان لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوە هاتوون و هەندێکیشیان ڕەگەزنامەی سویسرییان وەرگرتووە.