پایتەخت

پلانی کوشتنی سەتان جوولەکەیان داڕشتبوو؛ بە 63 ساڵ زیندانیی سزا دران

پلانی کوشتنی سەتان جوولەکەیان داڕشتبوو؛ بە 63 ساڵ زیندانیی سزا دران
کورتە

یەکێک لە کوشندەترین پلانی تیرۆرستی لە دژی کۆمەڵگەی جوولەکەکانی بەریتانیا لەلایەن پۆلیسێکی نهێنی پووچەڵکرایەوە و تاوانبارانیش سزا دران.

دوو پیاوی عەرەب پلانێکی گەورەیان بۆ کوشتنی جووەکانی بەریتانیا داڕشتووە و بەپێی گوتەی بەشی تاوانی تایبەت و دژەتیرۆری بەریتانیا، ئەگەر ئەو پلانە سەرکەوتوو بووایە، ئەوا دەبووە یەکێک لە کوشندەترین تاوانەکان لە مێژووی بەریتانیا و لەسەر ئەم رووداوە، هۆشداری دەدەن.

پێگەی مانچێستەر ئیڤنینگ نیوز بڵاویکردەوە، دوێنێ هەینی وەلید سەدەوی 38 ساڵان و عەمار حوسێنی 52 ساڵان بەتۆمەتی داڕشتنی پلانی کۆمەڵکوژی لە کۆمەڵگەی جوولەکەکانی شاری مانچێستەری بەریتانیا، یەکێکیان بە 37 ساڵ و ئەوەی دیکە بە 26 ساڵ زیندانیی سزا دران.

وەلید سەدەویی پلانی هەبوو چوار چەکی جۆری AK 47، دوو دەمانچە و 900 فیشەک بە قاچاخ بهێنێتە بەریتانیا، بەڵام دوای ئەوەی پلانە کوشندەکەی خۆی بە کەسێکی دیکەی لە ئینتەرنێت گوتبوو (بڕوای وابوو ئەویش هەمان ئادیۆلۆژیا هەڵدەگرێت)، دەرکەوت ئەو کەسە پۆلیسی نهێنی بووە و لە مانگی 5ـی 2024 لەلایەن دژەتیرۆری بەریتانیا وەلید سەدەویی و هاوبەشەکەی دەستگیرکران.

 دوای دادگەیەکە، فرانک فێرگسۆن، سەرۆکی بەشی تاوانی تایبەت و دژە تیرۆر لە داواکاری گشتی (کراون) گووتی: "ئەمە پیلانێکی زۆر قێزەون بوو کە لە ئیلهامی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی وەرگیرابوو، ئەگەر ئەم تیرۆریستانە سەرکەوتوو بوونایە، ئەوا یەکێک لە 'خوێناویترین کۆمەڵکوژییەکان' بۆ سەر کۆمەڵگەی جوولەکەکان لە وڵاتەکە دەبوو. دیاردەی تیرۆر هێرشێکە بۆ سەر پێکهاتەی کۆمەڵگاکەمان. ئێمەش هەمیشە یاسا بەکاردەهێنین بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکان."

سزای ئەم دوو تاوانبارە دوای نزیکەی دوو مانگ لە ڕووداوێکی تەقەکردن لە ئاهەنگێکی جوولەکەکاندا لە ناوچەی بۆندی بیچی سیدنی ئوسترالیا دێت، کە لە ئەنجامدا  12 کەس کوژراون و 20ـی دیکەش برینداربوون.

لە ڕۆژی پێنجشەممەش، 02-10-2025، کەسێکی سووری بە ئۆتۆمبێل خۆی بەنێو خەڵکی بەردەم کەنیشتەیەکی (پەرستگەی جووەکان) لە شاری مانچێستەردا کرد و دواتر بە چەقۆ دوو کەسی کوشت و چواری دیکەی بریندار کرد. هێرشکارەکە لە رووبەڕووبوونەوەی پۆلیسدا کوژرا. پۆلیس هێرشەکەی بە کردەوەەی "تیرۆرستی" لە قەڵەم دا.

14 شوبات 2026 10:47
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026