ئاژانسی ڕۆیتەرز: ئەمریکا خۆی بۆ جەنگێکی درێژخایەن لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات
ئەمریکا 12 فرۆکەی دیکە دەنێرێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێزی سەربازی وڵاتەکە چاوەڕوانی فەرمانی ترەمپن بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
لە کاتێکدا دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامییان هەیە و سبەی دووبارە کۆدەبنەوە، بەڵام ئەمریکا خەریکی ئامادەکارییە بۆ جەنگ.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، هێزی سەربازی ئەمریکا خۆیان بۆ جەنگێکی درێژخایەن لە دژی ئێران ئامادە دەکەن، کە لەوانەیە چەندین هەفتە بخایەنێت، ئەمەش ئەگەر بێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە فەرمانی هێرشکردن بدات.
بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەم هەواڵە لەلایەن دوو بەرپرسی ئەمریکی (ناوەکانیان نەهاتووە) کە ئاگاداری پلانەکەی ترەمن پشتڕاستکراوەتەوە. ئەم ئامادەکارییە هەوڵەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ئاڵۆزتر دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی پێنتاگۆن بە نیویۆرک تایمیزیان گوتووە، لەپێناو بەهێزکردنی پێگەی سەربازی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا 12 فڕۆکەی دیکەی جۆری ئێف 15ـی خێرای هێرشبەر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
هەینی ڕابردوو دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندی ئێران، بەسەرۆکایەتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکی بە نێوەندگیری عومان لە مەسقەتی پایتەختی وڵاتەکە بەڕێوەچوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، شاندێکی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف و جێرد کوشنەر، بەیانی رۆژی سێشەممە لە جنێڤ لەگەڵ لایەنی ئێرانی دووبارە کۆدەبنەوە. ئەم کۆبوونەوەیە بە درێژەپێدەری گفتوگۆکانی هەفتەی ڕابردوو دەبێت.