پەیامی دۆناڵد ترەمپ بۆ مەزڵووم عەبدی
لەسەر دۆخی ئێستای سووریا ترەمپ پەیامی گەیاندە مەزڵووم عەبدی
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی ئەمشەو، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لەسەر پرسی سووریا و کورد پەیامێکی بە مەزڵووم عەبدی دا.
ئەمشەو کۆبوونەوەیەک لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەسعەد ئەلشیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئیلهام ئەحمەد لە شاری میونخی ئەڵمانیا ئەنجام درا.
کەمێک پێش ئێستا هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە) بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی دەستەبەرکردنی مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا لە پرۆسەی سیاسیدا بە تایبەتی (کورد و دروز) گرنگی بەردەوامی شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش تاوتوێ کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دۆسیەی سووریا و پرۆسەی تێکەڵاوبوون و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکان و دژە تیرۆر دەخاتە ئەولەویاتی کارەکانیەوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕوان دەکرێت مەزڵووم عەبدی و وەفدی یاوەری بەردەوام بن لە کۆبوونەوەکانیان.