سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی قەتەر کۆبوونەوە
کۆبوونەوەیەکی گرنگ سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجام درا
نێچیرڤان بارزانی و شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی جەخت لە پاراستنی سەقامگیریی و دەستەبەرکردنی ئاشتی ناوچەکە دەکەنەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر کۆبووەوە.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی ئاڵۆزییەکان تاوتوێ کران، جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێم لە دیدارەکەدا، بیروڕایان سەبارەت دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان گۆڕییەوە و هاریكاریی هاوبەشیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان و دەستەبەرکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، بە پێویست زانی.