پایتەخت

وەزارەتی دەرەوەی عێراق: ئەم قسانەی هاکان فیدان سوکایەتییە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق: ئەم قسانەی هاکان فیدان سوکایەتییە
کورتە

لە وەڵامی لێدوانەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت: " عێراق دەوڵەتێکی دامەزراوەیی خاوەن سیستەمێکی سیاسی دیموکراتی دەستوورییە و ناکرێت بەراورد بکرێت بە وڵاتانی دیکەی خاوەن سیستەمی سیاسی جیاواز.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق وەڵامێکی تووندی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای دایەوە و لێدوانەکانی بە دەستوەردانی نێو کاروباری نێوخۆی وڵاتەکە وەسف کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای بۆ کەناڵی سی ئێن ئێن دایەوە و نووسی: " ئەو لێدوانانە پێشێلکردنی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان عێراق و تورکیان و دەستتێوەردانێکە لەکاروباری ناوخۆی عێراق و پێشێلکردنی نۆرمە دیپلۆماسییەکان."

وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەخت دەکاتەوە،  عێراق دەوڵەتێکی دامەزراوەیی خاوەن سیستەمێکی سیاسی دیموکراتی دەستوورییە و ناکرێت بەراورد بکرێت بە وڵاتانی دیکەی خاوەن سیستەمی سیاسی جیاواز.

سەبارەت بە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکە، وەزارەتەکە گووتی: "بابەتی شەنگال و ناوچەکانی دیکەی عێراق، بابەتێکی تەواو نیشتمانییە و بەپێی ئەولەویەت و میکانیزمی نەتەوەیی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. هاوکات هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی بەمەبەستی سەپاندنی چارەسەر یان بەکارهێنانی ئەم کێشەیە بۆ کاریگەری سیاسی و سەربازی ڕەت دەکەنەوە.

لەلای خۆیەوە،  ئەنێل بۆرا ئینان، باڵوێزی تورکیا لە بەغدا هەوڵیدا دۆخەکە هێور بکاتەوە و رایگەیاند، قسەکانی هاکان فیدان بەهۆی “وەرگێڕانی هەڵە” بەو شێوەیە تێگەیشتنی بۆ کراوە. مەبەستی وەزیری دەرەوە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بووە نەک هاووڵاتییانی عێراقی یان کاروباری ناوخۆی وڵاتەکە.

ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە کاتێکدایە، لە 9-2-2026 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی تورکی (CNN Turk) ڕایگەیاند: "دوای لەناوبردنی پەکەکە لە سووریا، دەستمان بەتاڵ دەبێت بۆیان لە عێراق و ئومێدەوارین حكومەتی عێراق سوود لە ئەزموونی سووریا وەربگرێت و بڕیارێکی ژیرانەتر بدات."

11 شوبات 2026 14:01
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026