لێندسی گراهام بۆ هاکان فیدان: تۆ لە خەون دا دەژی
لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی لەسەر سەرهەڵدانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران وەڵامێکی تووندی وەزیری دەرەوەی تورکیا دەداتەوە و هۆشداری توندیش دەداتە ئەو وڵاتانەی، خواستی هێشتنەوەی دۆخی ئێستای ئێرانیان هەیە.
دوای ئەوەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی لە کەناڵی CNNی تورکی گوتی؛ “هیچ مەترسییەک بۆ جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران نییە”, لیندسی گراهام لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵامی داوەتەوە و نوسیوویەتی: “تۆ و ئەوانەی وەکو تۆ بیر دەکەنەوە لە خەوندا دەژین.”
لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی بە درێژی باسی جەنگی ئەمریکا و ئێرانی کردووە و نوسیوویەتی: “بۆ هاوپەیمانە بەناو ناوچەییەکانمان، ئەگەر بۆ ساتێک پێت وایە دوای ئەو هەموو ناڕەزاییەی گەلی ئێران مانەوەی ئایەتوڵڵا و ڕژێمە بکوژەکەی لە دەسەڵاتدا بیرۆکەیەکی باشە، ئەوا تۆ لە جیهانێکی خەون دا دەژیت.”
لیندسی نوسیوویەتی: “ئێستا کات تێپەڕیوە تاوەکو تەواوی هەرێمەکە ئازایانە و یەکگرتووانە بەرامبەر ئایەتوڵڵای مرۆڤکوژ بوەستێتەوە، کە خەریکی سەربڕینی گەلەکەیە و نازییەکی ئایینییە، وەکو سەرۆک ترەمپیش بە گەلی ئێرانی گوتی، بەردەوام بن لە ناڕەزایەتی دەربڕین، یارمەتی ئەمریکا بۆ ئێوە لە رێگایە.”
ئەم سیناتۆرەی ئەمریکا، پەیامێک بۆ تورکیا، قەتەر، میسر و ئەو وڵاتانە دەنێرێت کە خواستی هێشتنەوەی دۆخی ئێستا ئێرانیان هەیە و دەڵێت: “پشتگوێخستنیداواکارییەکانی گەلی ئێران لەگەڵ بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەمریکا و هاوکات لەگەڵ ڕەوشتی ئێمە ناگونجێت، بۆیە ئاگاداری ئەو بابەتە بن.”
لیندسی گراهام، سیناتۆرێکی دیاری ئەمریکییە و لە ماوەی ڕابردوو، بەردەوام پشتگیری خۆی بۆ کورد دەبڕیوە و هەمیشە پشتیوانی لە مافەکانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان کردووە، لە دواین کاریشی پرۆژە یاسایەکی بۆ پاراستنی کورد لە رۆژئاڤای کوردستان پێشکەشی کۆنگرێسی ئەمریکا کرد.