پایتەخت

کەنەدا: چەکدارێك دەسڕێژی گوللەی لە قوتابخانەیەک کرد

کەنەدا: چەکدارێك دەسڕێژی گوللەی لە قوتابخانەیەک کرد
کورتە

لە ئەنجامی تەقەکردن لە قوتابخانەیەک لە شارۆچکەیەکی رۆژئاوای کەنەدا، نزیکەی 10 کەس کوژران. پۆلیس دەڵێت: "گومان دەکرێ تەقەکاریش خۆی کوشتبێت."

لە شارۆچکەیەکی کەنەدا چەکدارێک دەستڕێژی گوللەی لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی کرد و دواتر کۆتایی بە ژایانی خۆشی هێنا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، پۆلیسی شاهانەی کەنەدا ڕایگەیاند، لە هێرشێکی تەقەکردندا لە نێو قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە شارۆچکەی "تەمبلەر ریدج" لە بریتیش کۆڵۆمبیا، 9 کەس کوژران 25 دیکەش بریندار بوون.

بە گوێرەی قسەکانی پۆلیس، سەرەتا تەرمی شەش کەسیان لە قوتابخانەکە دۆزیەوەتەوە، دواتر کەسی حەوتەم لە ڕێگەدا بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. لەلایەکی دیکەوە، تەرمی دوو کەس لە ماڵێکی نزیک لە قوتابخانەکە دۆزرانەوە، پۆلیس پێشبینی دەکات ئەم ڕووداوە پەیوەندی بە تەقەکەرەکەی قوتابخانەکە هەبێت.

  بەرپرسانی کەنەدا بە فەرمی ناسنامە و ڕەگەزی تەقەکەرەکەیان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئەو سیستەمی ئاگادارکردنەوەی بۆ مۆبایلی خەڵک لە کاتی ڕووداوەکە نێردرابوو، سیستەمەکە تەقەکەرەکەی بە: "ژنێک، کە قژێکی رەنگ قاوەیی هەبوو" وەسف کردووە. تەقەکەر بە مردوویی دۆزراوەتەوە، کە پێشبینی دەکرێت خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابێت.

لەمبارەیەوە، مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند: "بەهۆی ئەم تەقەکردنە ترسناکە زۆر دڵتەنگم و گەشتم بۆ وڵاتی ئەڵمانیا ئەوروپا هەڵوەشاندووەتەوە تاوەکو لە نزیکەوە ئاگاداری لێکۆڵینەوەکان بم. نزا و هاوخەمی قووڵم بۆ کەسوکاری قوربانییەکانە."

شارۆچکەی "تەمبلەر ریدج" لە ناوچەیەکی گەشتیاری و ئارام هەڵکەوتووە و تەنیا 2 هەزار و 400 دانیشتووی هەیە. ئەم شارۆچکەیە زیاتر لە 1100 کیلۆمەتر لە شاری ڤانکۆڤەرەوە دوورە.

ئەم ڕووداوە بە یەکێک لە کوشندەترین ڕووداوی تەقەکردن لە مێژووی کەنەدا دادەندرێت. تا ئێستا کوشندەترین ڕووداوی تەقەکردن لە کەنەدا دەگەڕێتەوە بۆ مانگی نیسانی 2020، تێیدا پیاوێکی تەمەن 51 ساڵان بە جلی پۆلیسییەوە و ئۆتۆمبێلێکی ساختەی پۆلیسی لێدەخوڕی، 22 کەسی کوشت و دوای 13 کاتژمێر لە ڕووداوەکە، لە هەڵمەتێکدا لە نۆڤا سکۆشیا لە دووری 90 کیلۆمەتر لە شوێنی ڕووداوەکە پۆلیس تاوانبارەکەکەی کوشتەوە.

11 شوبات 2026 09:59
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026