عەلی عەلاق: ستایشی دیدگای مەسرور بارزانی بۆ بەدیجیتاڵکردنی دامودەزگاکانی حکومەت دەکەم
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ستایشی ڕۆڵی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بۆ گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان دەکات
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە نوێترین دەرکەوتن و لێدوانی ستایشی ڕۆڵی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بۆ گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی لەگەڵ عەلی ئەلعەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەک لە بانک و جزدانە ئەلیکترۆنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە بەشدارن لە هەردوو پڕۆژەی (هەژماری من و ئی پسوولە) کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق سەبارەت بە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: "ستایشی ڤیژن و دیدگای کاک مەسرور بارزانی دەکەم بۆ بەدیجیتاڵکردنی دامودەزگاکانی حکومەت، ئەو بڕوایەکی تەواوی بە پڕۆسەی دیجیتاڵکردن هەیە و کار بۆ ئەوە دەکات هەموو سێکتەرەکانی حکومەت بگرێتەوە".
بەگووتەی عەلی عەلاق، ئەو گۆڕانکارییانەی لە هەرێمی کوردستان لە بواری دارایی و بانکی بینراون، زۆر باش و دڵخۆشکەرن.
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقی لەبارەی 'ئی پسوولە' ئاماژەی بەوە کرد، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ ڕاکێشانی هاووڵاتییانی کوردستان بەرەو بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا و کەمکردنەوەی مامەڵەی کاش.
لەبەرامبەردا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەرەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەسیبووک ڕایگەیاند: "سوپاسی عەلی عەلاق و تیمەکەی دەکەین بۆ کارئاسانی و هاریکاریی و هاوئاهەنگیی باشیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری پێشخستنی سیستەمی بانکیدا".
لەلایەکی دیکەوە عەلی عەلاق جەختی لەوەکردەوە، بانکی ناوەندی پشتگیریی تەواوی ئەو جۆرە دەستپێشخەرییانە دەکات لە کوردستان کە خزمەت بە ژێرخانی ئابووریی وڵات دەکەن.