سەرۆکوەزیران داشکاندن لە کرێی کارەبا دەکات
مەسرور بارزانی بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان بڕیاریدا
مەسرور بارزانی بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان بڕیاریدا، هەر کەسێک 'ئی پسووڵە' بەکار بهێنێت ئەوا داشکاندن لە کرێی کارەبای بۆ دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە بە سەرپەرشتی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی پلاتفۆرمی 'ئی-پسوولە' ڕاگەیەندرا، کە سیستەمێکە بۆ پێدانی پسوولە حکومییەکان بە شێوەی دیجیتاڵی.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، لە پلاتفۆرمەکە هاووڵاتییان دەتوانن لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی كوردستان، پسوولە حکومییەکان بە شێوەی 24 كاتژمێری بەكار بهێنن، بەبێ ئەوەی پێویست بە سەردانکردنی فەرمانگە حکومییەکان و نۆرەگرتن بکات.
سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی پرۆژەی 'ئی پسوولە' بڕیاریدا داشکاند لە 20٪ بۆ هاوبەشانی کارەبا لە پرۆژەکەدا بۆ 30 رۆژی داهاتوو بکرێت، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی هاووڵاتییان لە وەرزی زستان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوە دا، بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکە بێبەرامبەرە و هاووڵاتی هیچ تێچوویەکی زیادە لە کاتی پارەدان لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکە یان لە ڕێگەی هاوبەشە ڕێگەپێدراوەکانەوە لەئەستۆ ناگرێت.