ئەشواق جاف: سبەی پارتی و یەکێتیی لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە
بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق، پارتی و یەکێتیی لەسەر یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کۆدەبنەوە.
بۆ دووەمین جار پارتی و یەکێتیی لەسەر یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کۆبوونەوە لە پیرمام دەکەن.
کەمێک لەمەوبەر ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، سبەی پارتی و یەکێتیی لەسەر ئاستی باڵا بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە پیرمام کۆدەبنەوە.
ئەشواق جاف باسی لەوە کرد، ئەگەری هەیە لە کۆبوونەوەکە پارتی و یەکێتیی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێبکەون، ئەگەریش ڕێکنەکەوتن ئەوا بە دوو کاندیدی جیاواز بەشدار دەبن.
'فوئاد حسێن' کاندیدی پارتییە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، 'نزار ئامێدی' کاندیدی یەکێتییە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی جەختی لەوە کردەوە، دوای کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیی، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆمار دیاری دەکات.
ئەشواق جاف ڕوونیکردەوە، هەندێک لایەن دەیانەوێت حکومەتی سوودانی بەردەوام بێت تاوەکو کاندیدبوونی پۆستی سەرۆکوەزیران یەکلا دەکرێتەوە.
هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆمار پێویستی بە دانیشتنی 210 پەرلەمانتار هەیە.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار لەسەر کورد پەکی نەکەوتووە و کورد دواینەخستووە بەڵکو لایەنەکانی دیکەن.