پایتەخت

ئیسرائیل ڕێگەی نەدا منداڵێکی تووشبووی شێرپەنجە چارەسەر وەربگرێت

ئیسرائیل ڕێگەی نەدا منداڵێکی تووشبووی شێرپەنجە چارەسەر وەربگرێت
کورتە

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری لە گیان لەدەستدانی منداڵێکی تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجە لە غەززە دەدەن، دادگەی ئیسرائیلیش مافی وەرگرتنی چارەسەری ڕەت دەکاتەوە.

تەنیا لەبەر ئەوەی ناونیشانی تۆمارکراوی هێشتا لە کەرتی غەززەیە، ئیسرائیل ڕێگەنادات منداڵێکی تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجە چارەسەر وەربگرێت.

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، دادگەیەکی ناوچەیی قودس داوای خانەوادەی کوڕێکی 5 ساڵانی تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجەی بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە ئیسرائیل ڕەتکردەوە. دادگە ئاماژەی بە یاساییەکی حکومەت دا، کە ڕێگە لە هەر کەسێک دەگرێت سنووری ئیسرائیل ببڕێت، ئەگەر بێت و ناونیشانی شوێنی نیشتەجێبوونی سەر بە غەززە بێت، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە چیتر لە غەززەش ژیان بەسەر نەبات.

کوڕە 5 ساڵانەکە ماوەی دوو ساڵە لە دەرەوەی غەززە و لە شاری ڕامەڵڵای کەناری ڕۆژئاوا دەژی، پێویستی بە نەشتەرگەری چاندنی مۆخی ئێسک هەیە، کە لە ئێستادا لە نەخۆشخانەکانی کەناری ڕۆژئاوا و غەززە بەردەست نییە. تیمە پزیشکییەکەی بۆیان دەرکەوتووە نەشتەرگەری پێویست تەنها لە سەنتەری پزیشکی شەبا (تەل هاشومەر) لە ئیسرائیل ئەنجام دەدرێت.

ئیسرائیل پێشنیاری بۆ کەسوکاری منداڵەکە کردووە هەوڵ بدەن منداڵەکە ببەنە وڵاتێکی سێیەم وەک ئوردن بۆ چارەسەرکردن. ئەمەش مانای وایە دەبێت بە پردی ئەلێنبی گەشت بکەن، گەشتێک کە پزیشکەکانی نیگەرانن لەوەی منداڵەکە ئەو توانایە جەستەییەی نەبێت بۆ بەرگەگرتن و هیچ گەرەنتییەکیش نییە کە پشتگیری دارایی دەکرێت یان نا.

ئەم کەیسە ئەو ئاستەنگانە دەردەخات کە ڕووبەڕووی نەخۆشە فەلەستینییەکان دەبنەوە بۆ بەدەستهێنانی چاودێری پزیشکی تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی قودس و ئیسرائیل. لەوەتەی شەڕ لە غەززە دروست بوو، ژمارەی مۆڵەتی پزیشکی بە فەلەستینییەکانی خاوەن ناسنامەی غەززە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، تەنانەت بۆ ئەو کەسانەشی پێش جەنگ لە نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل چارەسەریان وەردەگرت. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن لەوەی قەدەغەکردنی نیشتەجێبوون دەبێتە هۆی مردنی نەخۆشە لاوازەکان، لەوانەش وەک منداڵانی شێرپەنجە.

10 شوبات 2026 16:46
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026