فەرهاد شامی: گەمارۆی سەر کۆبانێ هەڵنەگیرێت ڕێککەوتنەکە هەڵدەوەشێتەوە
فەرهاد شامی، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هۆشداری لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی هێزەکانییان لەگەڵ حکومەتی سووریا دەدات و ئاماژە بە دژایەتی ئاشکرای چەند لایەنێک بەرامبەر بە ڕێککەوتنەکە دەکات.
لە 2-2-2026ـەوە ڕێککەوتنی نێوان و هەسەدە و حکومەتی سووریا چووەتەوە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام تا ئێستا کۆبانێ گەمارۆدراوە و لەم بارەیەوە هەسەدە هۆشداری دەدات.
فەرهاد شامی، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، حکومەتی سووریا نیازی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی هێزە کوردییەکانی هەبوو. ئامانج لەو هەوڵە بێپارێزگارکردنی گەلی کورد بوو لە رۆژئاوای کوردستان.
گوتەبێژی هەسەدە ئاماژەی بە ڕێكکەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا کرد و جەختی کردەوە، ئەوان بەهەموو شێوەیەک پابەندی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەن. بەڵام هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر گەمارۆی سەر کۆبانێ هەڵنەگیرێت، ڕێککەوتنەکە شکست دەهێنێت.
لە درێژەی قسەکانیدا، فەرهاد شامی دەڵێت: "هەندێک گرووپ و لایەنی ناسراو هەن هەوڵی لاوازکردنی ڕێککەوتنەکە دەدەن و ڕێگری لە لەخۆگرتنی هێزەکانمان لە حکومەتی سووریا دەکەن."
ئەمە لە کاتێکدایە، لە 2-2-2026 ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هێزەکانی هەسەدە دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری سووریا و هێزەکانی ئاسایشیش دەخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆ، هەروەها خوێندن بە زمانی کوردی بە فەرمی دەکرێت و دامەزراوەکانی بەرێوەبەرایەتی خۆسەر دەبنە بەشێک لە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت.