ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت: پێكهێنانی حكومەتی عێراق چەند مانگێک دوادەكەوێت
پرسی پێکهێنانی حکومەتی عێراق دواکەوتنێکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و لایەنە شیعەکان، ڕەچاوی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن.
لە چاوەڕوانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق، ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت دواکەوتنی پڕۆسەکەی بۆ چەند مانگێک ڕاگەیاند و سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ڕایگەیاند، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە. بەرەچاوکردنی ئاڵۆزی لێکتێگەیشتنی هێزە سیاسییەکان سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشبینی دەکرێت تا چەند مانگێکی دیکەش بنبەستی سیاسی وەک خۆی بمێنێتەوە.
سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی عێراقی ئاشکرا کردووە و بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاندووە، بۆ ململانێ سیاسییەکانی ئێستای نێوان ئێران و ئەمریکا و ئەگەری "سەرهەڵدانی شەڕ" لە نێوان ئەم دوو وڵاتە دەگەڕێتەوە، لایەنە شیعەکان ئاگاداری ئەو کاریگەرییە گەورەی ئێران و ئەمریکان، کە بەسەر پێکهێنانی حکومەتەوە هەیانە.
ئەو سەرچاوەیە پێشبینی کردووە، بەگوێرەی خەملاندنی لایەنە سیاسییەکان، پێکهێنانی حکومەتی عێراق زۆر زیاتر لەو وادەیە دوا دەکەوێت، کە پێشبینی بۆ دەکرێت. دواکەوتنەکە تا دوای چارەسەرکردنی ململانێی نێوان واشنتن و تاران بەردەوام دەبێت، دوای ئەوە گۆڕانکارییەکی یەکلاکەرەوە لە میکانیزم و شێوازی پێکهێنانی حكومەت روودەدات، بە قازانجی یەکێک لە لایەنەکانی ململانێكە.
وا بڕیارە سبەی چوارشەممە 11-2-2026 پەرلەمانی عێراق لەسەر سێ پرسی گرنگ کۆببێتەوە، بەبێ ئەوەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە کارنامەکەیدا بێت.