یەک لە 3 تۆمەتبارەکەی یەکەی 70 کە هێرشیان کردە سەر ڕۆژنامەنووسێک دەستگیرکرا
پێشمەرگەیەکی پلەداری یەکەی 70 دوای چەندین ساڵ لەسەر تاوانێک بە سزای خۆی گەیشت
دوای 14 ساڵ بەسەر ئەنجام دانی تاوانێک لەلایەن 3 پێشمەرگەی پلەداری سەربە هێزەکانی یەکەی 70ـی یەکێتیی، تۆمەتباری سەرەکەی ڕووداوەکە دەستگیرکرا.
لە ئێوارەی 29ـی 8ـی 2011 ئاسۆس هەردی، رۆژنامەنووس و سەرنوسەری رۆژنامەی ئاوێنە، لەلایەن 3 کەسەوە بە دەمانچە هێرشی کرایەسەر و برینداركرا.
ماڵپەڕی ئاوێنە بڵاویکردەوە، مانگی رابردوو تۆمەتباری سەرەکی روداوەکە دەستگیرکرا، کە لەساڵی 2021دا بەشێوەی ئامادەنەبوو (غیابی) بە 7 ساڵ زیندانیکردن سزادراوە، بڕیارە مانگی داهاتوو دادگەی کردنی دەستپێبکاتەوە.
ماڵپەڕەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم تۆمەتبارە لەلایەن ئەفسەرێک بەپلەی موقەدەم کە لای کاربەدەستێکی ئەوکات کاری کردوە، فەرمانی پێکردوە بچێت لەگەڵ 2 تۆمەتباری دیکەدا، هێرش بکەنە سەر ئاسۆس هەردی.
ماڵپەڕی ئاوێنە زانیاری لەسەر تۆمەتبارەکان ئاشکرا دەکات، ئەو 3 كەسەی پەلاماری ئاسۆس هەردیان دا پێشمەرگەو پلەداری سەر بەهێزەكانی یەكەی 70ـی یەکێتیی بوون، یەكەم ڕێکەوتی دادگەیكردنی تۆمەتبارەكان لەساڵی 2017دا ئەنجامدراو ماوەی 9 ساڵە بەردەوامە.