پایتەخت

ترەمپ: ئێران دەست بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بکاتەوە هێرش دەکەینەوە سەری

ترەمپ: ئێران دەست بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بکاتەوە هێرش دەکەینەوە سەری
کورتە

لە دوای هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەتۆمی ئێران بە فرۆکەی جۆری B-2، ئەمریکا دووبارە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئەو شوێنە کردووە، کە ئێران بۆ دووبارە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی دەستنیشانی کردبوو.

سەرۆکی ئەمریکا بە هەموو شێوەیەک دژی هەوڵەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی دەوەستێتەوە و دەڵێت: "دوای ئەوەی بنکەکانمان تەخت کردن، وڵاتانی عەرەبی چیتر لە ئێران ناترسن."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە رێگەی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی جۆری (B-2) بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان کردنە ئامانج و "تەختمان کرد"، ئێران دوای هێرشەکە بیری لەوە کردووەتەوە لە شوێنێکی دیکە دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە، بەڵام پێیان زانیوە و هۆشدارییان پێی داوە.

ترەمپ ئاماژەی بە پەیوەندی ئێران و وڵاتانی عەرەبی کرد و گووتی: "بەر لە جەنگی 12 ڕۆژەی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو، ئێران تەنیا یەک مانگی مابوو ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێمە هەموو ئامانجەکانمان پێکان و هیچمان نەهێشتەوە. ئێستا وڵاتانی عەرەبی چیدیکە لە ئێران ناترسن."

لەلایەکی دیکەوە، وا بڕیارە سبەی سێشەممە 10-2-2026، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی واشنتن بکات و لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە، تا فشار بخاتەسەری بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ئێران نەدەن بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و بەرنامە مووشەکییەکانی.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو 6-2-2026، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندی ئێران، بەسەرۆکایەتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکی بە نێوەندگیری عومان لە مەسقەتی پایتەختی وڵاتەکە بەڕێوەچوو.

دوای کۆتاییهاتنی دانوستانەکە، عەباس عێراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند، "لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆ ڕێککەوتین. نامەوێت پێشوەختە بڕیار بدەم، بەڵام پێشبینی دەکەم ئەگەر گفتوگۆکانی داهاتوو بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بن، ئەگەری ڕێککەوتنێکی بنچینەیی بوونی دەبێت."

کەمێک دوای لێدوانەکەی عێراقچی، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دیپلۆماتکارێکی ناوچەیی بڵاویکردەوە، دانوستانە 6 کاتژمێرییەکە بە "پەستکردن" کۆتایی هات، دوای ئەوەی ئێران ڕەتی کردەوە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە مووشەکییەکەی ڕابگرێت. کە یەکێک بوون لە خاڵە سەرەکییەکانی دانوستان، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پێشنیارکرابوون.

09 شوبات 2026 10:00
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026