قائیمقامى قەزاى پشدەر بۆ پایتەخت: تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەک بە داهاتی مەرزی کێلێ تەواو نەکراوە
پایتەخت بەدواداچوون بۆ داهاتی مەرزی کێلێ دەکات
نزیکەی 4 مانگە سەرۆکوەزیران بڕیارێکی سەبارەت بە تەرخانکردنی بەشێکی داهاتی مەرزی کێلێ بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی قەڵادزێی دەرکردووە، پایتەخت بەدواداچوونی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە بەکر بایز، قائیمقامى قەزاى پشدەر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران نەچووەتە باری جێبەجێکردنەوە، هیچ پڕۆژەیەکی قەزای پشدەر بە داهاتی مەزری کێلێ تەواو نەکراوە.
ڕۆژی 15ـی 10ـی 2025، لە نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی ڕەزامەندیی لەسەر تەرخانکردنی 20%ـی داهاتی مەرزی کێلێ بە شێوەی نەختینەی مانگانە بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆژە بەردەوام و وەستاوەکانی سنووری قەزای پشدەر لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین داوە.
قائیمقامى قەزاى پشدەر ئاماژەی بەوەدا، دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی پێویستیان کردووە، بەڵام بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی دەڵێت، سیولەیان نییە.
بەکر بایز هۆکاری تەرخان نەکردنی داهاتی مەرزی کێلێ ئاشکرا دەکات، وەزارەتی دارایی بۆیە ڕێنمایی دەرنەکردووە، چونکە بانکی ناوەندی سلێمانی پارەی پێویستی لەبەر دەستدا نییە.
مەرزی کێلێ دەکەوێتە سنووری قەزای پشدەر و یەکێکە لە دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران.